سەردێر

بەبێ ئۆپۆزسیۆن، دۆخی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا نایەت

خەڵك-

پەڕلەمانتارێكی پێشووی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز دروست نەبێت، دۆخی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

هەرچەندە زۆرێك لە لایەنەكان ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان ڕەتكردەوە، بەڵام دوای ڕوخانی سەدام حسێن سیستمێكی هەڵبژاردن دروست نەبووە لە عێراق، كە حساب بۆ ڕەتكردنەوە یان قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێت، هەر لەبەر ئەوەشە پێش ئەو حزبانەی كە ئەنجامەكانیان قبوڵ كردووە، ناڕازییەكان هەوڵی خۆخستنە نێو قەفەسی دەسەڵات دەدەن و دەست بە كۆبوونەوەكانیان دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمریكا لە عێراق دەكشێتەوە و چاودێران پێیانوایە، دۆخی عێراق خراپتر دەبێت.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی خولی پێشووی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمریكا پاش ساڵی 2012 ئەو كاریگەرییەی نەمابوو لەنێو سیاسەتی عێراقیدا پێموانییە هیچ لە دۆخی عێراق بگۆڕێت.

دەشڵێت: “بابەتەكە لە سەر دوو شت دەمێنێتەوە، یەكەم كێ حكومەت پێكدەهێنێت؟ ئەگەر حكومەت پێنج بۆ شەش لایەن بن و ئۆپۆزسیۆنی بەهێزیش هەبن، ڕەنگە ڕەفتاریان جیاواز بێت لەناو پەڕلەمان و كاریگەری هەبێت، بەڵام ئەگەر هەموویان لەناو حكومەت بن، پێموایە هیچ جیاوازی نابێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی هەیە، ئەو سیستمی فرە بازنەییە وایكرد تاك بێتە نێو پەڕلەمان لەوانەیە زیاتر خۆی خاوەن هەڵوێست بێت، بەڵام لە خولی ڕابردوو دانیشتن و ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان سوودی نەبوو، چونكە ئەندامەكانیان پۆپۆلیستیانە ڕام كردبوو دوور بوو لە هەڵوێستی سەركردایەتییەكەیان و نەدەگەیشتینە هیچ ڕێككەوتنێك.