سەردێر

چەند ڕێنماییەك بۆ شۆفێران لەكاتی بەفر و بەستنی شەقامدا

خەڵك-
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕێنمایی شۆفێران دەكات، كە لەم چەند ڕۆژەدا لەكاتی هاتووچۆكردن بە ڕێگاكانی دەرەوەی شارەكاندا پابەندبن پێوەی بەهۆی بەستنی شەقام و بوونی بەفرێكی زۆرەوە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەو شوفێرانەی، كە ئەمڕۆ و بەیانی و دوو بەیانی گەشتی ڕێگاكانی دەرەوە دەكەن، تكایە ئاگادار بن لێخوڕین بەخێراییەك بكەن، كە زۆر كەمتر بێت لەخێرایی كاتی ئاسایی، چونكە تەم لەسەرجەم ڕێگایەكان بەتایبەت لەبەرەبەیانەكان هەیە، كەئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەودای بینینی ئاسۆیی.

وتیشی، “پێویستە شۆفێران گلۆپی تەم بەبەردەوام دابگیرسێنن بۆئەوەی بینراو بن و خۆشیان بپارێزن لەو گۆماو و شوێنانە،ی كەئاوی بارانی لێ كۆبۆتەوە”.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕێنمایی شۆفێران دەكات، “ئەگەر چوونە ناو بەفر بەر لەتاریكی بگەڕێنەوە، چونكە لەئێواران پلەكانی گەرما بەزوویی بۆ ژێر سفر دادەبەزن، كەئەمەش وادەكات شەختە و بەستەڵەك پەیدابێت”.

فازڵ حاجی داواش لە شۆفێران دەكات، خۆیان بەدووربگرن لەمانۆڕی تێپەڕاندن لەشەقامە تاكسایدەكان و دەڵێت: “باتۆزێك دوابكەون، بەڵام سەلامەت بن”.