سەردێر

بۆفۆن لێدوانێكی سەیر لەبارەی ڕۆناڵدۆوە دەدات

پێیوایە یانەی یۆڤنتۆسی تێكدا

خەڵك-
جیانلویجی بۆفۆن ئەفسانەی گۆڵپارێزی ئیتاڵی، لێدوانێكی سەیر دەدات بۆ تۆڕی TUDNی ئەمریكایی و هاتنی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤنتۆس لە ساڵی 2018دا لە ڕیاڵ مەدریدەوە بە ناگونجاو دادەنێت و پێیوایە بۆتە مایەی تێكدانی ناسنامەی یانە ئیتاڵییەكە.

بۆفۆن باس لە گەڕانەوەی دەكات بۆ یوڤی لە ساڵی 2019 لە دوای ئەزمونێكی كورت لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە وەرزی 2018-2019، تا لەگەڵ ڕۆناڵدۆدا بۆ دوو وەرز لە یۆڤنتۆس بێت، بەر لەوەی بەرەو یانەی پارما كۆچ بكات.

ئەو گۆڵپارێزەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەڵێت”یوڤنتۆس هەلی بردنەوەی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای هەبوو لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە (2018-2019)، لەو دەمەدا من لە پاریس بووم، بەڵام دەزانم چی روویدا و چۆن یوڤی شكستخواردوبوو لە هێنانەدی ئەو نازناوە”.

لە (2018-2019) يۆڤنتۆس بەرامبەر بە ئەیاكسی هۆڵەندی و لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1-2 لە قۆناغی چارەكی كۆتایی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دۆڕا، بەوشێوەیە كرایە دەرەوە لە پاڵەوانێتییەكە، هەرچەندە لەو وەرزەدا ئەستێرەی پورتوگالییەكەی لە ڕیاڵ مەردیدەوە هێنابووە ڕیزەكانی.