سەردێر

سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان بەم نزیكانە دەچێتە واشنتۆن

خەڵك –
سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، لە پلانیدایە بەم نزیكانە سەردانی ئەمریكا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئێستای ئەمریكادا كۆببێتەوە و لەبارەی كێشە بنەڕەتییەكانی ئێرانەوە قسە بكات.

خالید عەزیزی، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە بەم نزیكانە سەردانی ئەمریكا دەكات و لەواشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئێستای ئەمریكادا كۆدەبێتەوە و ئەو پەیامە بە دامەزراوە حكومی و سەربەخۆكان و بەرپرسانی ئەمریكا دەگەیەنم، كە كێشەی ئێران تەنیا ڕێككەوتنی ئەتۆمی نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئێران نەبوونی دیموكراسی، هەژاری و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لە ڕێگای هەندێك دامەزراوەی نزیك لە بەڕێوبەرایەتی ئێستای ئەمریكا، ئەو پەیامەمان بەبەرپرسانی ئەمریكا گەیاندووە، كە گەر لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیشدا لەگەڵ ئێران ڕێبكەون ، ئەوا هیچ لە كێشەكان كەم ناكاتەوە و ئێران وەك فاكتەرێكی جدی ئاسایشی لە ئاستی جیهانیدا دەمێنێتەوە.

ئاشكرایكردووە، كە بەداخەوە بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوروپا زۆر گوێ لە قسەكانمان ناگرن و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازە بوون و یەكنەگرتنی دەژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی و ئێمە تا ئێستا هیچ بە دیل و ئاڵترناتیڤێكمان ڕێكنەخستووە بۆ جێگرتنەوەی كۆماری ئیسلامی و هەر ئەمەش وایكردوە، كە زلهێزە جیهانییەكان زۆر گرنگی بە قسەی ئۆپۆزیسیۆن نەدەن.