سەردێر

سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كۆبوەوە

خەڵك –
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەوەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد و دۆخی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردن و هەوڵەكانی دامەزراندنی حكومەتی داهاتوو و پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش و مەترسییەكانی تیرۆر گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/12/23 پێشوازی لە لویجی دی مایۆ ، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا كە باڵیۆزی ئیتالیا لە عیراق و كونسولی هەولێر ئامادەی بوون، باسی لە بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عیراق كرد و جەختی لە بەردەوامی پشتگیریی ئیتالیا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیتالیا نێچیرڤان بارزانی بۆ سەردانێكی فەرمی بانگهێشتی ڕۆما كرد، لەبارەی پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانیشەوە لەگەڵ ئیتالیا، هەردوولا خواستی هاوبەشیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە، بەتایبەتیش لەڕووی ئابووری و كولتوورییەوە.

لای‌ خۆیەوە نێچێرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی ئیتالیا لە عیراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و هاریكاریی مرۆییی ئیتالیا دووپات كردەوە.

هەر لەكۆبونەوەكەدا دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەنجامی هەڵبژاردن و هەوڵەكانی دامەزراندنی حكومەتی داهاتوو، پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش و مەترسییەكانی تیرۆر، پەیوەندییەكانی هەولێرـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركرنی كێشەكانیان، دۆخ و گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش باسكرا .