سەردێر

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: حكومه‌تى خۆجێى نایه‌وێت چاودێرى به‌سه‌ره‌وه‌ بێت

خەڵک-

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر لەڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕاى گشتى ڕایدەگەیەنێت، حكومه‌تى خۆجێیه‌تى هه‌ولێر نایه‌وێت هیچ جۆره‌ چاودێریه‌كیان به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌بێت ته‌نانه‌ت ئاسته‌نگیش ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م چاودێریكردن، چەند جارێکیش داوامان کردوە بەڕێوەبەری پۆلیس لەسەر ڕووداوەکانی کوشتن، بەڵام ئامادە نەبووە بێت.

ڕازاو شازادە، ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر بەنوێنەرایەتی ژمارەیەک ئەندامی تر لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ناوەڕۆکی ڕاگەیەنراوەکەی خستەڕوو کەتێیدا هاتبوو، ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان به‌ پێیى یاساى ژماره‌ ( 3) ى ساڵى ( 2009 ) ى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌سه‌ڵاتى چاودێرى و لێپرسینه‌وه‌ى پێدراوه‌ له‌ ڕووى كارگێڕى و داراییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ى كارنامه‌ى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چه‌سپاندنى لامه‌ركه‌زیه‌ت له‌ پارێزگاكان، به‌ڵام حكومه‌تى خۆجێیه‌تى هه‌ولێر نایه‌وێت هیچ جۆره‌ چاودێریه‌كیان به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌بێت ته‌نانه‌ت ئاسته‌نگیش ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م چاودێریكردن، بۆیه‌ تا ئێستا حكومه‌تى خۆجێیه‌تى هه‌ولێر ئاماده‌نه‌بووه‌ هیچ بوودجه‌ و پڕۆژه‌و خه‌رجییه‌ك بۆ ئه‌نجوومه‌ن بنێرێت به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردن و چاودێرى كردن.

دەشڵێت، هه‌ر به‌ پێى یاسای پارێزگاكان ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر پڕۆژه‌ و بوودجه‌ى ته‌رخانكراودا هه‌یه‌، كه‌ گۆڕانكارى له‌ جۆر و شوێنى پڕۆژه‌كاندا بكات به‌ مه‌به‌ستى ده‌سته‌به‌ركردنى دادپه‌روه‌رى له‌ دابه‌شكردنى پڕۆژه‌ و بوودجه‌ى هه‌ریه‌كه‌یه‌كى كارگێڕى بۆ دیاریكردنى ئه‌وله‌ویه‌تى پڕۆژه‌كان له‌سه‌رجه‌م قه‌زاو ناحیه‌كاندا به‌ پێى پێویستى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستاش ئه‌وه‌ جێ به‌ جێ نه‌كراوه‌ .

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئه‌وانه‌ی باسی دەکەین ئێستا ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێداوه‌، له‌ساڵى ( 2015 ) دا بڕى ( 8 ) ملیار دینار وه‌ك بوودجه‌ى په‌ره‌پێدان بۆ پارێزگاى هه‌ولێر هاتووه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕاى نوسراوى فه‌ڕمى ئه‌نجوومه‌ن بۆ ناردنى ئه‌و بوودجه‌یه‌ و په‌سه‌ندكردنى به‌ڵام پارێزگا ئه‌وكات ئاماده‌نه‌بوو بینێریت، نه‌ك ته‌نها پڕۆژه‌ بودجه‌كه‌ى نه‌نارد به‌ڵكو هیچ زانیاریه‌كیشى نه‌نارد كه‌ ئاخۆ چۆن خه‌رجكراوه‌، هەروەها له‌ ئێستاشدا له‌ ساڵى (2021 ) ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن پارێزگا ئاماده‌كرابوو كه‌ ژماره‌یان ( 133 ) پڕۆژه‌ بوو به‌ بڕى زیاتر له‌ ( 28 ) ملیار دینار له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك بودجه‌ى په‌ره‌پێدان ته‌رخان كرابوو زۆربه‌ى پڕۆژه‌كانیش ئیستا له‌ قۆناغى جێ به‌جێ كردنن، سه‌ره‌ڕاى چه‌ند جار نوسراوى فه‌ڕمى ئه‌نجوومه‌ن كه‌ ده‌بێت پڕۆژه‌كان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجوومه‌ن بكرێن به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردنى، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ بێ گوێدانه‌ ڕێكاره‌ یاساییه‌كان پارێزگاى هه‌ولێر پڕۆژه‌كانى نه‌نارد بۆ ئه‌نجومه‌ن .

ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن لەڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش دەکەن، هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا بوو پارێزگا پڕۆژه‌ بودجه‌ى ( 2022 ) ى به‌ بڕى ( 60 ) ملیار دینار بڕیارى لێدرا بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌ن، جگە لەوەش پارێزگاى هه‌ولێر له‌ساڵانى ڕابردوو داهات وكۆمه‌ك و خه‌رجی و پاڵپشتی یه‌كانى حكومه‌تى ناوه‌ندى وهه‌رێم ولایه‌نى خێرخوازى هه‌بووه‌ له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا، كه‌ به‌ ملیاره‌ها دینار ده‌خه‌ملێندرێت، به‌تایبه‌تى له‌ كاتى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى كۆڕۆنا و زیان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كان، سه‌ره‌ڕاى نوسراوى فه‌رمى ئه‌نجوومه‌ن بۆ داواكردنى زانیارى و ورده‌كارى له‌سه‌ر داهات و خه‌رجیه‌كان كه‌چى تا ئێستاش ئاماده‌ نه‌بووه‌ هیچ زانیاریه‌ك بنێریت بۆ ئه‌نجوومه‌ن.

ئەوەش دەخەنەڕوو، پارێزگای هەولێر له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ش لە دۆخێكدایه‌ دیارده‌ى كوشتن و شه‌ڕ و چه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌بوونى خه‌ڵك كه‌ لێكه‌وته‌ى كوشتن و دزى و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر گیان و ماڵى هاوڵاتیان بووه‌ له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ تێپه‌ڕیووە بۆته‌ دیارده‌، به‌ مه‌به‌ستى لێپرسینه‌وه‌ و خستنه‌ڕووى هۆكاره‌كانى به‌ ئیمزای پێویستى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن داواى بانگهێشتكردنى به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى هه‌ولێر كراوه‌ زیاتر له‌ جارێك به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌ نه‌بووه‌ بێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌ن له‌به‌ر ده‌م لایه‌نى جێبه‌جێكار بێ ده‌سه‌ڵات و لاوازن ناتوانن به‌رگرى له‌ دامه‌زراوه‌ى ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ى بكه‌ن .

ەو ئەندامانە داوا دەکەن، هه‌رچى كه‌مووكورتى و كێشه‌ی ئیدارى و خزمه‌تگووزارى و ناڕوونى له‌ دارایی حكومه‌تى خۆجێیه‌تى هه‌ولێر هه‌یه‌ ده‌یخه‌ینه‌ ئه‌ستۆى ستافى حكومه‌تى خۆجێیه‌تى له‌ كابینه‌ى ڕابردوو و ئێستا، هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ هۆكارن له‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووى هاوڵاتیانى پارێزگاكه‌كه‌ بونه‌ته‌وه‌.

داوا له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانى هه‌رێم و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین په‌له‌ بكه‌ن له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ژماره‌ (3) ى ساڵى ( 2009 )ى پارێزگاكانى هه‌رێم و دیارى كردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نه‌كان و جێ به‌جێ كردنى ده‌سه‌ڵاتى لامه‌ركه‌زى ئیدارى و دارایی، هەروەها داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین هه‌رچى زووه‌ قه‌ره‌بووى شایسته‌ى زیان لێكه‌وتووان و قوربانیانى لافاوه‌كه‌ى ئه‌و هه‌فته‌یه‌ بكه‌نه‌وه‌ بڕه‌ بودجه‌ى پێویست بخه‌نه‌ به‌رده‌ست و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى له‌ حكومه‌تى ناوه‌ندیشه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ ئێمه‌ ره‌تیناكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵكو داوا له‌ حكومه‌تى فیدڕالى ده‌كه‌ین زیادى بكه‌ن.