سەردێر

پێشمەرگە لەسەنگەرە و خێزانەكەی بە تەنەكە خەڵووز دەمرن

پێشمەرگە لەسەنگەردا بەرگریی لە نیشتمانێكی خاوەن هەزاران بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە دەكات، بەڵام بەرمیلێك نەوتی بۆ زستان نادرێتێ، تا منداڵەكانی بە خەڵووز نەمرن

خەڵك
هەمووان دەڵێن پێشمەرگەن، هەمووان دەڵێن ئەركی پێشمەرگایەتی پیرۆزە، هەمووان دەڵێن وەك پێشمەرگە بەرگریكاری نیشتمانین، بەڵام كێ وەك پێشمەرگە لە سەنگەرێكی رووت و رەجاڵ و بێ مووچەدا بەرگری لە خاكی نیشتمانێكی خاوەن هەزاران بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە دەكات، كە هەرزانفرۆشی وڵاتانی نزیك و دوورەدەست دەكرێت و داهاتەكەشی كەس نازانێت چی لێ دێت، پێشمەرگەش بەرمیلە نەوتێكی بەرناكەوێت كە بنەماڵەكەی پێ گەرم بكاتەوە و لە سەرما و بەفری زستاندا بە تەنەكە خەڵووز كۆمەڵكوژ نەبن.

شەوی رابردوو لە گوندێكی شاری ئاكرێ سەر بە پارێزگەی دهۆك لە دەڤەری بادینان لە باشووری كوردستان، دایكێك و چوار منداڵەكەی كە خێزانی پێشمەرگەیەكن بەكاریگەری دووكەڵی تەنەكە خەڵووز مردن، كە بۆ خۆ گەرمكردنەوە بەكاریانهێنابوو.

رووداوێك لەبەرەبەیانێكی سارد و بەفراو و باراناوی دواین مانگی 2021 هەمووانی داخوورپاند، هەمووانی خەمبار كرد، كاتێك خێزانی پێشمەرگەیەك لەبەر سەرمای زستاندا و بەهۆكاری خەڵووزەوە دەمرن.

وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەنگوڕەنگی نییە ماوەیەكە، ئەو پێشتر گوتبووی سەردانی سەرجەم گوندە دوورە دەستەكانی كوردستان دەكات تا بزانێت بەشە نەوتیان وەرگرتووە یا نا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا هاوین بوو چەندین بەڵێنیدا كە ئەمساڵ لە ئۆكتۆبەرەوە نەوت دەدەن بە هاووڵاتیان، بەڵام زستان هات و بنەماڵەی پێشمەرگەش تێداچوو نەوت هەر نەبوو.

ئەو بانگەشە و هەڵایەی بۆ دابەشكردنی نەوتیش درووستكرابوو وەك بەشەخۆراك و بەنزین و مووچە و زۆر شتی دیكە ئی بەغدا بوو، كە هەمیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاولەڕێی بەغدایە، بەڵام دڵی بەغداشیان بۆ رازی ناكرێت تا نەوت و بەنزین و مووچەكەیان بێ كێشە بۆ بنێرێـت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی زانیارییەكان دەوروبەری 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رەوانەی دەرەوە دەكات و بە نرخی كەمتریش دەیفرۆشێت.

بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمان و شارەزایی دارایی و ئابووری و تەنانەت بەرپرسانی حیزبی فەرمانڕەواش دەڵێن داهاتی نەوت دیار نییە.

حكوومەتی هەرێمیش ماوەی چەند ساڵە ئامادە نییە ساڵانە تەنها یەك بەرمیل نەوتی سپی بداتە هاووڵاتیان جگە لەوەی بەغدا دەینێرێت كە ئەوەش سوودی دەخرێـتە سەر بە ناوی گواستنەوە و لەسەر هاووڵاتیان گران دەكرێت.