سەردێر

فرۆشتنی چەک و پێدانی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن ڕێکدەخرێنەوە

خەڵک

له‌ دانیشتنی رۆژی چوارشەمە، ٢٢-١٢-٢٠٢١ په‌ڕله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پڕۆژه‌ یاسای ( چه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان – عیراق ) كرد و له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانتاران گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند، فرۆشتنی چه‌ك ڕێكده‌خرێت و مۆڵه‌تی چه‌كیش به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌بێت.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، فرۆشتنی چه‌ك ڕێكده‌خرێت و مۆڵه‌تی چه‌كیش به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌بێت، ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی ئێستاش له‌گه‌ڵ یاساكه‌ ده‌گونجێندرێن، ئه‌و شوێنانه‌ی چه‌ك ده‌فرۆشن كه‌ ئێستا به‌شێوه‌ی نایاسایی و تاڕاده‌یه‌ك قاچاغ مامه‌ڵه‌ به‌چه‌ك ده‌كه‌ن دوای ده‌رچوونی یاساكه‌ ڕێكده‌خرێنه‌وه‌ .

 

دەشڵێت، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و كڕین و فرۆشتن و چاككردنی چه‌ك هه‌یه‌ بۆشایی یاسایی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی پڕۆژه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ چه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاڕاسته‌ی په‌ڕله‌مانی كوردستان بكه‌ین.

 

هاوکات، باڵانبۆ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نە خۆجێیه‌كان له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند؛ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای (چه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق )‌ كرا، هیوادارم ئه‌و یاسایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ربچووێندرێت، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی باش وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆی هه‌بێت و ئه‌و یاسایه‌ ببێته‌ هۆی چاره‌سه‌ر بۆ دیاره‌ده‌ی چه‌ك و ئارامی بۆ شه‌قام و خه‌ڵك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ .

 





هەلبژاردە

گرنگترینەکان