سەردێر

هێزەكانی ناوخۆ داوای لابردنی مەرجی ڕیش تاشین دەكەن

خەڵك-
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ داوا لە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەكەن، كە مەرجی ڕیش تاشین لەسەر هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش هەڵبوەشێنێتەوە و ڕایدەگەیەنن، لە داهاتوودا زەرەرێكی زۆر بەر پێستیان دەكەوێت.

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە نامەیەكدا، كە لە هەژماری فەرمی خۆیان لە فەیسبووك بڵاویانكردۆتەوە و ئاڕاستەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمیان كردووە، داوا دەكەن مەرجی ڕیش تاشین هەڵبوەشێنرێتەوە و بكرێتە ئارەزوومەندانە.

لە نامەكەدا هاتووە،هیوادارین وەزیری ناوخۆ ئیشی جددی بكات بۆ نەهێشتنی ڕیش تاشین بۆ پۆلیس و تاشینی ڕیش بكرێت بە ئارەزوومەندانە بە گشت بەڕێوەبەرایەتی و بەشەكانیەوە، چونكە هیچ خاڵێك یان ماددەیەك لە یاسای سەربازی ئاماژەی بە ڕیش تاشین نەكردووە تەنها ڕێنمایی وەزارەتە و هیچی تر”.

ڕاشیانگەیاندووە، ئەگەر بیانوو یاسای سەربازی بەریتانیا بێت، كە عێراق لەسەری ئەڕوات ئەوا بەریتانیا خۆی زیاتر لە ٧٥ ساڵە ئەو یاسایەی خۆی هەموار كردۆتەوە.

دەشڵێت: “ڕیش تاشین لە داهاتوودا زەرەرێكی زۆر لە پێستی ئەو پۆلیسە ئەدات و تووشی چەندین كاریگەری لاوەكی دەكات”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان مەرجیان لەسەر دانراوە، كە ڕۆژانە و لە بەیانیدا پێش دەستپێكردنی ئەركی فەرمی ڕیشیان بتاشن و ڕێكپۆش دەربكەون.