سەردێر

هاتووچۆ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل بڕیارێكی نوێی دەركرد

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی، كە كێشە لە ژمارەی لاشە و بڕینەوە و تێكچوونی شاسیان هەیە بڕیاریدا دووبارە پشكنینیان بۆ ئەنجام بداتەوە و جەختیشدەكاتەوە، كە تەنها لە هەولێر پشكنین دەكرێتەوە.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە (ژمارە كاتی)یانەی، كە بەهۆی بوونی كێشە لە ژمارەی لاشە و بوونی بڕینەوە یان تێكچوونی شاسێكانیان نەتوانراوە تۆمار بكرێن و لەپشكنین دەرنەچوون، سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بكەن بەمەبەستی دووبارە ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بەئامێری سكانەر.

ڕاشیگەیاند، پێویستە شۆفێران لەدوای پشوووی سەری ساڵ و لە ماوەی نێوان 2022/1/2 تاكو 2022/1/15 سەردانی هاتووچۆی هەولێر بكەن و هەر كەسێك دوابكەوێت خۆی بەرپرسیار دەبێت لەتۆمارنەكردنی ئۆتۆمبێلەكەی.

ڕوونیشی كردەوە، سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە هەموو شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان دەگرێتەوە، چونكە تاكە شوێن سكانەری لێیە لەكاتی ئێستادا هاتووچۆی هەولێرە.