سەردێر

پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر نزم دەبنەوە

بەراوردی نێوان باران بارینی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو ئاشكرا كرا

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنت، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای هەولێر ڕێژەی باران بارین 14.3 ملیمەتر باران زیاتر باریوە، بەڵام بەراورد بە ڕێژەی ئاسایی ساڵەكانی ڕابردوو، ڕێژەكە كەمە و چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی شەپۆڵی دووەمی باران بارینەوە ڕێژەكە بەرزتربێتەوە.

فازیل ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو تا ئەمكاتانە لە پارێزگای هەولێر بە ڕێژەی 74.5 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تێكڕای باران بارین 88.8 ملم و ڕێژەكە بەراورد بە ساڵی ڕابردووە زیاترە.

ئاشكراشیكرد، ئەو شەپۆلە باران و بەفر بارینەی تا ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەپۆلەكە كەشوهەوا ساردتر دەبێت و پلەكانی گەرما بە گشتی لە هەرێمی كوردستان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە.

بەپێی خشتەیەكی كەشناسی هەرێم، ئەمساڵ لە سلێمانی 83.4 ملم باران باریوە لەكاتێكدا ساڵی ڕابردوو تا ئەمكاتە 221.5 ملم باران باریوە، هاوكات لە دهۆك 37.1 ملم باران باریوە و ساڵی ڕابردوو 83.3 ملم باریوە، لە هەڵەبجەش 105.2 ملم باران باریوە و ساڵی ڕابردووش 120.8 ملم باران باریوە، واتە جگە لە هەولێر سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمتر باران باریوە.