سەردێر

شەپۆلێكی بەفر بارین چەند ناوچەیەكی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
ئەو دوو بارستە هەوایەی لە سیبریا و دەریای ناوەڕاستەوە ناوچەكانی هەرێمی گرتۆتەوە بەردەوام دەبێت و بەفر لە چەند شارۆچكەیەكی هەرێم دەبارێت و ئەگەری بارینی لە ناو چەند شارێكیش و بەتایبەتیش شاخەكانی دەورووبەری شارەكان دەبێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەری هەیە ئەمشەو لە ناوچەكانی (باڵەکایەتی ، پێنجوێن ، مەلەکان ، چیای سەفین ، چیای کۆڕەک ، سیدەکان ، تەوێڵە ، بیارە ، هەورامان ، گەرمک ، ناڵپارێز ، هەڵشۆ ، وەرتێ ، مێرگەسۆر ، چیای مەتین ، چیای گارە ، سرێشمە، ئەزمڕ و گۆیژە ) لەگەڵ سەرجەم ناوچە شاخاویەکان بەفر ببارێت.

وتیشی، ” ڕێژەی بەفرەکە لە 2 سم دەست پێدەکات تاکو 10 سم و شوێن تا شوێن جیاوازە”.

لای خۆیشەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەیێ‌ چوار شەممە ٢٢-١٢-٢٠٢١ لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری بارستە ھەوای ساردی سیبریا و نزمەپاڵەپستۆی دەریای ناوەڕاست بارانبارین بە شێوەی پچڕ پچڕ و مامناوەند و چالاكی با لە ناوچە نزمەكاندا بەردەوامی دەبێت.

ڕاشیگەیاند، بەفر لەناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری شارە شاخاوییەكاندا لە بەرزایی ١١٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا دەبارێت و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی دیكە نزمدەبنەوە و لەشەویدا دەچنە ژێر سفری سەدی و خێرایی با مامناوەند و هەندێك كات چالاك ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئەم شەپۆلە كاتەكانی ئایندە لە سنوری ناوچەكانی پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێدەكات و بەفر لە سەنتەری شارۆچكەی ئامێدی و چۆمان و كانی ماسی و شارۆچكە و شارەدێیە شاخاوییەكانی دیكە دەبارێت و لەكاتەكانی شەویشدا ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە.