سەردێر

قوباد تاڵەبانی: دەبێت كارمەندانی كەرتی تایبەت خانەنشینیان هەبێت

خەڵك-
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بە‌هێزكردنی بازاڕی كار و زیاتر بەگەڕخستنی دەستی كاری خۆماڵی و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری ئەولەویەتی حكومەتە‌ و ئەمەش بەهەماهەنگی لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دەكرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان و چەند وەبەرهێن و خاوەنكار و نوێنە‌ری چە‌ند ڕێكخراوێك، ئە‌مڕۆ ٢١ی ١٢، كۆبوونە‌وە‌یە‌كی تایبەت بە رێكخستنەوەی پە‌یوە‌ندی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت ئەنجامدا لەپێناو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی تواناكانی دەستی كاری نێوخۆیی لە‌ڕێی سە‌نتە‌رە‌كانی ڕاھێنانی پیشە‌یی، كە‌ سە‌ر بە‌وە‌زارە‌تی كار و كاروباری كۆمە‌ڵایە‌تین.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، كە دراوە بە (خەڵك)، قوباد تاڵە‌بانی داوایكرد؛ وە‌زارە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان پلانی ستراتیجی دابڕێژن بۆ چالاككردنی سەنتەرەكانی ڕاهێنانی پیشەیی ‌و دروستكردنی پردێكی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان ئە‌و سە‌نتە‌رانە‌ و بازاڕی كار.

چۆنییەتی دەستەبەركردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو كەسانەی، كە لەكەرتی تایبەت كاردەكەن تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌ دە‌بێت؛ كار لە‌سە‌ر ئە‌و پرسە‌ بكرێت و ئامادە‌كاری بۆ بكرێت بە‌جۆرێك؛‌ ئە‌و كە‌سانە‌ی لە‌كە‌رتی تایبە‌ت كاردە‌كە‌ن مافی خانە‌نشین بوونیان ھە‌بێت.

لەو كۆبوونەوەیە بڕیاردرا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە‌كاری بكە‌ن بۆ پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و بۆ ئەو مەبەستە ستراتیجێكی نوێ بۆ خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی كوردستان دابڕێژرێت بە جۆرێك، كە لەگەڵ بازاڕی كار بگونجێت.

لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیرانی؛ پلاندانان و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە و ڕۆشنبیری و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری چەند ڕێكخراوێك و ژمارەیەك وەبەرهێن و خاوەنكاری كەرتی تایبەت ئامادەبوون.