سەردێر

شوێنەوارێكی ٥ ھەزار ساڵە لە ئاكرێ

 

خەڵك

ئەشكەوتی گوندك دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای گوندی گوندك بە دووری 20 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچكەی ئاكرێ دوورە، لەم ئەشكەوتەدا سێ داتاشراو هەیە، لە هەڵكەندراوی یەكەم پیاوێك بەپێوە وەستاوە، تەنوورەیەكی درێژی تا سەر چۆكی لەبەردایە، بەڵام بەشی سەرەوەی رووتە، پیاوەكە لە دۆخی جووڵەدایە، رمێكی لە پشتی بزنەكێوییەك داوە، خەریكە لەسەر دەم دەكەوێت.

لە هەڵكەندراوی دووەمدا كە راستەوخۆ دەكەوێتە ژێر هەڵكەندراوی یەكەم، لەلای راستەوە دوو پیاو سەری ئاژەڵێكیان گرتووە، پێدەچێت بیانەوێت بیكوژن، لە پشتیانەوە كەسێكی تر وەستاوە و رووی لە پێشەوەیە هەردوو دەستیشی بەرز كردووەتەوە.

لە دوای ئەویشەوە ژنێك و پیاوێك لەسەر كورسی بەرامبەر یەكتر دانیشتوون و هەریەكەیان پشتی منداڵێكی بچووكی گرتووە، كە لە سەر مێزێكن و دەستیان لە ملی یەكتر كردووە.

لە دوای ئەوانیشەوە ژن و پیاوێك خەریكن دێنە لای ئەوان و پیاوەكە منداڵێكی بچووكی لە باوەشدایە. كۆی ئەم دوو هەڵكەندراوە باسی راوكردنی ئاژەڵ و كەژاوەی دەربڕینی خۆشی و شادی دەكات بەو بۆنەیەوە.

لە هەڵكەندراوی سێیەمدا كەسێك لەسەر كورسی دانیشتووە كڵاوێكی شاخداری لەسەرە، بە دەستی چەپی خواردن دەداتە بزنێك كە هەردوو دەستی خستووەتە سەر ئەژنۆی ئەو پیاوە، لە پشتیان ئاژەڵێكی دڕندە دەردەكەوێت، لە پێشیشیان ئاژەڵێكی تر خەریكی شیردانە بە بەچكەكەی و ئافرەتێك چاودێرییان دەكات، بەشێوەیەكی گشتی ئەم بەشە باسی ئەوە دەكات، چۆن ئاژەڵە كێوییەكان لە دڕندە بپارێزین. بەگوێرەی بابەتی هەڵكەندراوەكە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەكان 2900 -2371 پێش زاین.