سەردێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتیان

خەڵك-

گەورە ڕاوێژكاری پزیشكی كۆشكی سپی ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانین لەوەی ژمارەی تووشبووانی ئەمریكا بە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن ڕووی لە زیادبوونە.

ئانتۆنی فاوجی گەورە ڕاوێژكاری پزیشكی كۆشكی سپی بە (CNN)ی ڕاگەیاند، هۆشداری دەدەینە ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە و ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسە نوێیەكە زیاترە و لە سەرتاسەری جیهانیش بڵاودەبێتەوە.

دەشڵێت”ڤایرۆسەكە نائاساییە و لەگەڵ نزیكبوونەوەمان لە وەرزی زستان چەند مانگێكی سەختمان لەبەردەمدایە و ڕووبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبینەوە”.

ئاشكراشیكرد، ڤایرۆسەكە زۆر بەخێرایی لە سەرتاسەری جیهان بڵاودەبێتەوە، لە ئێستادا لە ئەمریكا لە حاڵەتی گەشەكردندایە، چونكە نزیكەی 50 ملیۆن ئەمریكایی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە و ئەمەش نیگەرانی لای ئێمە دروست كردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئۆمیكرۆن لە سەرتاسەری جیهان بڵاودەبێتەوە و ئەگەری هەیە لە نەخۆشخانەی هەندێك لە وڵاتان جێگای نەخۆشی تێدا نەبێتەوە.