سەردێر

یەكەم لێدوانی فەڕمیی حكومەتی بەغدا لەسەر نەناردنی 200 ملیارەكە

خەڵك –

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دواكەوتووە.

مەزهەر محەمەد راوێژكاری ئابووری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونیكردەوە دواكەوتنی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆكاری تەكنیكییە، نەك هۆكاری سیاسیی.

راشیگەیاند رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بودجەی 2022 جێگیركراوە و كاری یەكەمی پەرلەمانی داهاتووش پەسەندكردنی بودجە دەبێت.

حكوومەتی بەغدا تا ئێستا 200 ملیار دینارەكەی بۆ مانگی یازدە نەناردووە و حكوومەتی هەرێم ناچاربوو مووچەی چەند وەزارەتێك لە مووچەی مانگی دوازدە بدات.

مانگی دوازدە بەرەو كۆتاییە و هێشتا مووچەی مانگی یازدە بە تەواوی نەدراوە، كە خۆی دەبێت لە هەفتەی داهاتووەوە مووچەی مانگی دوازدە دەستپێبكات.

مێدیای فەڕمی بزووتنەوەی گۆڕان كە حیزبێكی بەشداری حكوومەتە و وەزارەتی دارایی و ئابووریی لەلایە، بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێم تاكۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕێ دەكات بەغدا 200 ملیارەكە بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت جارێكی تر دەگەڕێنەوە سیستەمی لێبڕینی مووچە.

بەپێی راپۆرتی كەناڵی كەی ئێن ئێن-ی زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان، حكوومەتی هەرێم بەگوێرەی داهات مووچە دابەش دەكات ‌و ئەگەری زۆرە هاوشێوەی ڕابردوو لێبڕینەكە هاوشێوەی پێشوو 21٪ بێت.

ئاشكراشیكردووە بۆ ئەوەی كەس خۆی لەبڕیارەكە بەدەر نەكات لێبڕینەكە بە دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەكرێتەوه.