سەردێر

خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسەر دواكەوتنی مووچە دەستیپێكرد

مامۆستایان داوای مووچە دەكەن

خەڵك-

نوێنەری مامۆستایانی هاوكاری ڕایدەگەیەنێت، داوا دەكەین حكومەت شایستە داراییەكانمان بۆ بگێڕێتەوە.

دوا بەدوای بێ ئومێدبوونیان لە بڕیارنەدانی یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی مامۆستایانی هاوكاری و نەبوونی شایستە داراییەكانیان بۆ ماوەی سێ ساڵ ، مامۆستایانی هاوكاری بڕیاریاندا لە پارێزگای هەولێر لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و مامۆستایانی پارێزگای سلێمانیش لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردببینەوە.

دیاری ئەكرەم نوێنەری مامۆستایانی هاوكاری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سێ ساڵە تەنها 900 هەزار دینارمان وەرگرتووە و چارەنووسمان دیارنییە.
دەشڵێت”ئێمە نە خۆبەخشین نە گرێبەستین و نە وانەبێژین، لەگەڵ ئەوەشدا 8 ساڵە دەوام دەكەین و بڕوانامەی هەموومان پسپۆڕییە، بەڵام حكومەت بەردەوام بە واستە مامۆستا دەكەنە وانەبێژ، ئەمەش ناهاوسەنگییەكی زۆری دروست كردووە و داوا دەكەین چارەنووسمان دیاری بكەن یاخود مووچە فەوتاوەكانمان بدەنەوە”.
ئاشكراشیكرد، چوار جار یاداشتمان پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە، لەكاتێكدا مامۆستا لەسەر ئەركی خۆی چووەتە قەزا و ناحییەكان.

ناوبراو داوا دەكات، مامۆستایان هاوكاری بكرێنە وانەبێژ، چونكە حكومەت ناوی لێناوین مامۆستای هاوكاری و هەموو ئەركەكانمان بە دڵسۆزی جێبەجێكردووە لەبەرئەوە پێویستە شایسستە داراییەكانمان بۆ خەرج بكرێت.