سەردێر

نهێنی نامەكەی كونسوڵی 4 وڵات بۆ سەرۆكی هەرێم دەربارەی پێشمەرگە ئاشكرادەبێت

خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان نهێنی نامەی كونسوڵی 4 وڵاتی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت: “هەتا ئێستا یەكخستنەوە و ڕێكخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشوونێكی‌ بەخۆیەوە نەبینیوە”.

بە پێی‌ یاسا بەركارەكان، نابێت حزب چەكی‌ هەبێت، نابێت حزب ڕێكخستنی‌ لەناو هێزی‌ پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكان هەبێت، هەروەها بە پێی‌ بڕگەی‌ یەكەم و دووەم و سێیەمی‌ ماددەی‌ (٤)ی‌ یاسای‌ چاكسازی‌، ژمارە (٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠) پێویستە هێزەكانی‌ پێشمەرگە یەكبخرێن، هەروەها یەك یەكەی‌ ژمێریان هەبێت و لیستی‌ ناو و ژمارە و داتا و زانیاریی‌ ژمێریاریی‌ و خەرجیان بگەڕێتەوە وەزارەتی‌ پێشمەرگە و ملەكەچی‌ وردبینی‌ و پشكیننی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بێت و خانەنشینانیشیان بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ خانەنشینی‌.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاش بەدواداچوونی‌ ورد، هەتا ئێستا یەكخستنەوە و ڕێكخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشوونێكی‌ بەخۆیەوە نەبینیوە و سەرەتاییترین هەنگاوی‌ كرداری‌ بۆ نەنراوە، ئەمەش نیگەرانی‌ لای‌ هێزەكانی‌ هاوپەیمانان دروستكردووە، هەربۆیە ئەو نامەیە ئەوەی‌ لێ دەخوێنرێتەوە، كە ئەوە وشیارییەكە بۆ دەسەڵات تا لەسەر ئەو دۆخەی‌ بەردەوام نەبێت.

ڕاشیگەیاند، هەتا ئێستا لەو بوارانەی لە یاسای چاكسازیدا ئاماژەیان پێدراوە هیچ هەنگاوێكی‌ كرداری‌ نەنراوە و وەزارەتی‌ پێشمەرگە نەیتوانیوە ئەو ئەركە گەورەیە جێبەجێ‌ بكات، بەتایبەت لە دۆسیەی‌ هێزەكانی‌ یەكەكانی‌ حەفتا و هەشتا.

وتیشی، “مانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە لە دەرەوەی‌ سیستم و زاڵی‌ حزب بەسەر هێزی‌ پێشمەرگە، كوردستان لەبەردەم مەترسی‌ گەورەدا دەهێڵێتەوە، هەروەها دەبێتە خاڵێكی‌ لاوازی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بەجۆرێك نەتوانرێت سەنگەری‌ بەرگری‌ لە كوردستان لە ئاست ئەگەری‌ مەترسییەكاندا بێت، مەترسییەكەش ئەوەندە گەورەیە، كە ئەگەری‌ بەریەككەوتنیشیان لەناوخۆ هەیە، چونكە هێز ئاگرێكی‌ بێ ئامانە ئەگەر لە بری‌ یاسا و دامەزراوە كوڕ و نەوەی‌ بەرپرسان بیجوڵێنێت”.

ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی‌ نهێنی‌ نامەكەی‌ سەركونسوڵی‌ وڵاتانی‌ (ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریكا)یە بۆ سەرۆكی‌ هەرێم، هەروەها مانەوەی‌ زیاتر لە (٨٠٠) ئەفسەر كە زۆرینەیان لەسەر بنەمای‌ پیشەگەریی‌ سەربازی‌ پلەیان پێ نەدراوە و لە دانان و پلەپێدانیان ڕەچاوی‌ توانا و شارەزایی‌ و ئەزموون و یاساكان نەكراوە و ئینتیمای بۆ حزبەكانی دەسەڵات تاكە پێوەر بووە، بەشێكن لە ڕێگری‌ پێشخستن و یەكخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە یەكێكی‌ تر لە هۆكارەكانە.

جەختیشی كردەوە، كاتێك چوار وڵاتی‌ بیانی‌، كە هاوكار و پاڵپشتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوون لە شەڕی‌ دژی‌ داعش، بە فەرمی‌ نامەیەك ئاڕاستەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكەن، پێویستە دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكانی‌ حكومەت و هەرێم زۆر بەڕوونی‌ لە پەیامەكەیان تێبگەن، ئەگەر لە ئێمە و خەڵكی‌ كوردستان تێناگەن و لە ژێر فشاری‌ دڵسۆزاندا هیچ گۆڕانكاییەك ناكەن بە ئاڕاستەی‌ كۆتایهێنان بە چەكی‌ حزبی‌ و دروستكردنی‌ هێزێكی‌ نیشتیمانی‌، با لە داوا و فشاری‌ دۆستەكانی‌ هەرێم تێبگەن، كە تا ئێستاش پشتیوانی‌ جۆراوجۆر پێشكەش بە هەرێمی‌ كوردستان دەكەن، بە پشتیوانی‌ داراییشەوە بە پارەی‌ كاش.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد، بە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم و جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.