سەردێر

ئۆمیكرۆن گەیشتە نزیك هەرێم و تەندروستی داوای كەرەنتینە دەكات

خەڵك-
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردەوە، گۆڕدراوی ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێستادا بەلایەنی كەمەوە لە 89 وڵات لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەكەم حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیاند و داوای كەرەنتینە دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، بەپێی نوێترین زانیاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، گۆڕدراوی ئۆمیكرۆن بەخێراییەكی زیاتر بڵاودەبێتەوە بەراورد بەگۆڕدراوی دێلتا و كارەكە تەنیا 3 ڕۆژ دەخایەنێت تاوەكو حاڵەتەكان زیاتر دەبن.

ئاماژەی بەوەكردووە، نوێترین گۆڕدراوی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیكرۆن بۆتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی زانایان و پسپۆڕان و زیادبوونی حاڵەتەكانی ئەو گۆڕدراوە بۆتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەت لەئەوروپا و ئەمریكا.

لای خۆشیەوە، محەمەد هاشمی، سەرپەرشتیاری پەیوەندییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای وەزارەت پێشنیازی كوتان بە ژەمی سێیەمی ڤاكسینی كۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیكە خراوەتەڕوو.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بە زووترین كات كەرەنتین ڕانەگەیەنرێت، ئەوا دوای كەمتر لە مانگێكی دیكە، شەپۆلێكی گەورەی ڤایرۆسەكە لە ئێران دەست پێ دەكات.

هاوكات، د.تیدروس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەرێوبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لەوەی پێدەچێت گۆِردراوی ئۆمیكرۆن لەچەندین وڵاتی دیكە بڵاوبووبێتەوە، كە تائێستا ئاشكرانەكراون.

وتیشی، “ئەزموون فێری ئەوەی كردوون بەكەم ڕوانین لەو ڤایرۆسەكە وایان لێدەكات ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە و ئەگەر ئۆمیكرۆن ببێتە هۆی نیشانەی كەمتر، بەڵام ژمارەی گەورەی تووشبووان جارێكی دیكە فشار لەسەر سیستمی تەندروستی دروست دەكات”.

گۆڕدراوی ئۆمیكرۆن لەڕێكەوتی 24ی مانگی ڕابردوو بۆیەكەمجار لەئەفریقای باشوور سەریهەڵدا و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وای دانا ئەو گۆڕدراوە جێی نیگەرانیە و داوایكرد ڕێوشوێن بۆ ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی بگیرێتەبەر.