سەردێر

مێدیاكان ئازاری قوربانیانی كارەساتەكان بۆ زیادكردنی بینەر بەكاردەهێنن

خەڵك
لەهەرێمی كوردستان لەكاتی ڕووماڵی كارەساتە سروشتیی و روداوەكاندا تەنانەت مردنی ئاساییشدا لەلایەن ڕاگەیاندكارەكانەوە، قوربانییەكان دووجار دەكرێن بەقوربانی و ژیان و ئازارەكانی قوربانیانی كارەساتەكان بەكاردەهێنرێن بۆ زیادكردنی بینەر.

رۆژنامەوانەكان بە مایكێكەوە دەچنە پێش كەسوكاری قوربانیان و گریان و هاواری ئەوان كە لەو كاتەدا لە بارێكی دەروونی خراپ و ناجێگیردان دەگوازنەوە بۆ زیادكردنی لایك و كۆمێنتی سۆشیاڵ مێدیا، ئەمەش كارەساتی خراتر دروست دەكات وەك رووداوی خۆسووتاندنی پەنابەرە رۆژهەڵاتییەكەی شاری هەولێر، نوێنترین نمونەش لافاوەكەی هەولێر، لەكاتێكدا هاووڵاتیان ماڵ و كەسوكاریان لەدەستداوە و بێ سەروشوێنە، كەچی رۆژنامەوانەكان داوای لێدوانیان لێ دەكەن، پرسیاری چەند بارە و بێمانایان لێ دەكەن.

لەبارەی مامەڵەی مێدیا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كارەساتە سروشتییەكاندا، نزار گزالی، پسپۆڕی دەروونی و مامۆستای زانكۆ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە كارەساتی لافاوەكەی هەولێردا بینیمان بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان كەوتنە هەڵەی زۆر زەق دیارترینیان ئەو هەڵانە بووون كە دەچوونە قاڵبی قۆستنەوەی رەوشی قوربانییەكان بە تایبەت ئەو كەسانەی منداڵیان لە دەستدابوو، میدیاكارەكان ژیان و ئازارەكانی ئەوانییان بەكار دەهێنا بۆ زیادكردنی ژمارەی بینەرەكانیان.

“لە ڕووماڵی لافاوەكەی هەولێردا میدیاكارەكان پڕەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانییان پشتگوێ‌ خستبوو”

بە وتەی گزالی، لەكاتی ڕووماڵی لافاوەكەی هەولێردا میدیاكارەكان پڕەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانییان پشتگوێ‌ خستبوو، بەهیچ شێوەیەك ڕەچاوی ئیتیك و مۆڕاڵ و ئەتەكێتی ڕاگەیاندن و كاری ڕۆژنامەوانییان نەدەكرد.

وتیشی: ئیتیك وشەیەكی یۆنانییە و بە واتای بەرپرسیاریەتی هەڵبژێردراو دێت، واتە دەزگاكە خۆی كۆمەڵێك بەرپرسیاریەتی هەڵدەبژێرێت و چوارچێوەیەك بۆ میدیاكارەكە دادەنێت و لەو چوارچێوەیە نایەتە دەرەوە، مۆڕاڵیش كۆمەڵێك بابەتە وەك، داب و نەریت و هێڵە سورەكانە كە كۆمەڵگە دیاریدەكات ، ئەتەكێتیش واتە هونەری مامەڵە كردن لەگەڵ بابەتەكان.

“پێویستە ڕەچاوی لایەنی دەروونی بكرێت”

ئەو پسپۆڕە دەرونییە دەڵێت، زۆر گرنگە هەموو ئەو پرەِنسیپانە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و خودی ڕۆژنامەنووساندا هەبن، بۆ ئەوەی ڕەچاوی لایەنی دەروونی قوربانییەكان و وەرگر(بینەر و بیسەر) یش بكرێت.

“لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو میدیاكارانە سزادەدرێن كە ڕەچاوی پڕنسیپەكان ناكەن”

ئاماژە بەوەش دەكات، لە هەموو دونیادا شتێك هەیە بەناوی ڕۆژنامەوانی مامەڵەكردن لەگەڵ كارە سروشتییەكان هەم لە كاتی كارەساتەكەدا و هەم دوای كارەساتەكە ، لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان گرنگی بە سەلامەتی پیشەیش دەدرێت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانەكان.

دەشڵێت ئەو كاتەی هەستمانكرد ڕۆژنامەوانی تایبەتمەند دروست بووە هەست بە ئارامی دەكەین لە میدیادا، بۆ ئەمەش پێویستە هەر دەزگایەكی راگەیاندن ڕۆژنامەنووسەكانی ڕابهێنێت و ئاشنایان بكات بە پڕەنسیپەكانی كاری ڕاگەیاندن بەتایەت دوای كارەساتە سروشتییەكان، بۆ ئەوەی ڕووماڵەكان نەبنە هۆی ڕووشاندنی كەسایەتی قوربانییەكە، چونكە زۆر جار ڕاگەیاندنەكان دوو جار قوربانییەكان دەكەن بە قوربانی، جارێك بە هۆی ئەو كارەساتەی بەسەری هاتووە جارێكیش بەهۆی خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخەكەی لە ڕاگەیاندندا.

بەبۆچوونی ئەو پسپۆڕە دەروونییە، پێویستە ڕاگەیاندكارەكان لە بابەتی دەرونی (سایكۆلۆژیای ڕاگەیاندن) شارەزاییان هەبێت، بەڵام بەداخەوە، نەك لە لای ڕاگەیاندنكارەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بوونی نییە، بەڵكو لە كۆلێژو بەشەكانی ڕاگەیاندنیش بوونی نییە.

رونیشیكردەوە، هەموو كەسێك لە دەر ئەنجامی كارەساتێك كە بەسەری دێت دووچاری زەبری دەروونی دەبێت، نیشانەكانیشی ئەوەیە كەسەكە بە خێرایی هەست بە ترس و تۆقان دەكات دوای ڕووداوەكە، بەردەوام هەست بە مەترسی دەكات و زۆرجاریش هەوڵدەدات ئازاری خۆی بدات، ئەگەری هەیە قسە و كرداری توندڕەوانەی لێبەدی بكرێت، كۆمەڵێك نیشانەی دیكەشی لێبەدی دەكرێت كە زۆر گرنگە ئەو ڕاگەیاندكارەی ڕووداوەكە دەگوازێتەوە، لایەنە دەرونییەكانی ئەو كەسە لەبەرچاو بگرێت.

هەندێك كەناڵ كە خۆیان بە پڕۆفیشناڵ و پێشكەوتوو دەزانن ئەوانیش هەڵەی زەقیانكرد لە رووداوەكەی هەولێر ، نزار گزالی وادەڵێت.

دەشڵێت: ناكرێت ئەو حاڵەتە دەرونییانەی دایكێك بۆ لەدەستدانی جگەرگۆشە 10 مانگییەكەی هەیەتی بەكار بهێندرێت بۆ زۆركردنی بینەر، میدیاكارەكە لێپێچینەوەی لەگەڵ دایكەكە دەكرد كە ئەوە بەهیچ شێوەیەك كاری ڕاگەیاندن نییە و دەبوو لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت.

رونیشیدەكاتەوە، لە وڵاتانی دیكە زۆر بە توندی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو میدیاكارانە دەكەن كە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوربانییانی ڕووداو و كارەساتەكان دەكەن، كەناڵی (RTL) ی ئەڵمانی یەكێك لە پەیامنێرەكانی بە ناوی سوزانە ئۆلینی لە كارەكەی دوور خستەوە بە تۆمەتی لادان لە ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی كاتێك لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوت سوزانە لەكاتی ڕووماڵكردنی لافاوەكەی ئەم دواییەی ئەڵمانیا نواندن دەكات و قوڕ دەكات بەسەر خۆیدا بۆ ئەوەی بە كاریگەرتر بابەتەكە بگوازێتەوە، لەكاتێكدا سوزانە لە ساڵی 2008 ەوە لەو كەناڵە كاریكردووە و یەكێك بوو لە پێشكەشكارە بە ناوبانگەكانی كەناڵەكە بەرنامەیەكی بەیانیانی پێشكەشدەكرد بە ناوی بەیانی باش ئەڵمانیا.

نزار گزالی دەڵێت، جگە لەوەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕۆشنبیری و ئامادەسازییان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كارەساتەكان، تەنانەت ڕاگەیاندنەكانی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاكان و شارەوانییەكانیش ئەو جۆرە شارەزاییەیان نییە كە هۆشیاری تەواو بدەن بە خەڵكی لە مامەڵەی دروستییان لەگەڵ ڕووداوەكاندا و پێویستە چی بكەن لەو كاتانەدا بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.

No photo description available.