سەردێر

ڕاگەیەنراوی فەڕمی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سەر لەسێدارەدانی سەركردەیەكی

خەڵك
ئەمڕۆ حەیدەر قوربانی یەكێك لە سەركردەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە لە سنە لە سێدارە دراو دوا بەدوای ئەوەش ئەو حزبە ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردەوە.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە بارەی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، كە یەكێك بوو لە سەركردەكانی ئەو حزبە و ئەمڕۆ لەسێدارە درا دەڵێت “حكومەتی ئێران جارێكی دیەكەش لاوێكی گەلخۆشەویست و دیموكراتی لە باوەشی دایكی نیشتمان ڕفاند”.

لە ڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش هاتووە، حكومەتی ئێران بە شەهیدكردنی “حەیدەر قوربانی”، لوولێكی تاریكتری هەڵپێچا سەر تۆماری دزێوی تاوانەكانی.

دەقی ڕاگەیانراوەكە..

ئازادیخوازانی جیهان!
گەلانی ڕزگاریخوازی ئێران!
خەڵكی نیشتمانپەروەر و خەباتكاری كوردستان!
بەداخەوە ڕادەگەیەنین كە جارێكی دیكەش دەسەڵاتی ڕێژیمی ئازادیكوژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵەیەكی هەڵكەوتەی نەتەوەكەمان، لاوێكی گەلخۆشەویست و دێموكراتی لە باوەشی دایكی نیشتمان ڕفاند.
حكوومەتی بكوژی لاوانی كوردستان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی سەرماوەز، بە شەهیدكردنی “حەیدەر قوربانی”، لوولێكی تاریكتری هەڵپێچا سەر تۆماری دزێوی تاوانەكانی.
شەهید “حەیدەر قوربانی” كوڕی شەهید “عەلی” ڕێكەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن چەكدارەكانی ڕێژیمەوە هەڵكوترایە سەری و بە تاوانی ئەندامیەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵكی كوردستاندا دەسبەسەر و پەلكێشی بەندیخانەكانی ڕێژیم كرا. لە ماوەی ٥ ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەدا وێڕای ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆر لە هەموو مافێكی بەندكراوێكی سیاسی تەنانەت لە چاوپێكەوتنی ئاساییش لەگەڵ خۆشەویستانی بێبەش كرابوو. شەهید حەیدەر قوربانی لەگەڵ ئەوەی هیچكام لە تۆمەتەكانی دەزگا ناقەزاییەكانی ڕێژیمی وەئەستۆ نەگرتبوو و پاڵپشتییەكی بەرینی ئازادیخوازان و بیروڕای گشتیی بۆ ئازادكردنی لەپشت بوو، ڕێژیم سوور بوو لەسەر بەتاوانبارزانینی و سەرەنجام سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوكمی داسەپاوی ئێعدامی لەسەر بەڕێوە برد.
دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران