سەردێر

هۆكارەكانی دروستبوونی لافاوەكەی هەولێر ئاشكرا دەكرێن

خەڵك-ئارام سەردار

پڕكردنەوەی كەندە سروشتییەكان كە ڕێڕەوی ئاو بوون هۆكاری ڕوودانی لافاوەكەی پارێزگای هەولێر بوون و دەبێت ئەوانەی هۆكاربوون سزابدرێن، ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان وادەڵێت.

ڕۆژان حەمەڕەشید، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لەفڕاكسیۆنی سەوز لەدوای بەسەركردنەوەی ئەو شوێنانەی زیانیان پێ گەیشتووە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی ڕوویداوە كارەساتی سرووشتی نییە، چونكە ئەو گەڕەكانە لەكۆنەوە هەن كەچی لەچەند كاتژمێرێك جگە لەزیانی ماددی ١٢ كەسیش ببنە قوربانی، پێشتریش لەبەشێكی تری هەولێر هەمان حاڵەت دووبارە بووەوە ، پێویست بوو حكومەت ئامادەكاری بكات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پێشهاتێكی لەم شێوەیە.

دەشڵێت، پڕكردنەوەی كەندە سروشتییەكان كە ڕێڕەوی ئاوو بوون هۆكاری ڕووداوەكەن، بەپێی یاسا نابێت تاوەری كارەباش لەسەری دابنرێت و سنووری خۆی دیاری كراوە وەك لەماستەر پلان هەیە، بەڵام زیادەڕۆیی كراوەتەسەر ئەو كەندانە كەڕێڕەوی ئاو بوون و پڕكراونەتەوە، نازانین چۆن چاوپۆشی كراوە لەلایەن بەرپرسان، چونكە ئەگەر چاوپۆشی نەبێت لەبەرامبەر وەرگرتنی سودێك هیچ كەس ناتوانێ لەخۆیەوە ئەوكارە بكات و بەشێكی بكاتە شوێنی بازرگانی.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ڕاپۆرتی خۆمان دەنووسین لەسەر هۆكارەكان ودەبێت ئەوكەسانەی هۆكاری پڕكردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەكان بوون سزابدرێن، لەدانیشتنی پەڕلەمانیش جەخت لەقەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییانی زیان پێگەیشتوو دەكەینەوە.