سەردێر

لەسەر ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەری ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئاگر لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەولێر كەوتەوە و تەنها زیانی ماددی لێكەوتەوە، ئەنجوومەنی دادوەریش ڕایدەگەیەنێت، كە لیژنەیان بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێناوە.

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 18/12/2021 ئاگر لە ژووری دادوەرێكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەری دەكەوێتەوە و دوای ئاگاداركردنەوەی تیمەكانی ئاگركۆژینەوە و گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەكە، ئاگرەكە دەكوژێنرێتەوە و كۆنتڕۆڵ دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، خۆشبەختانە ئەو ڕووداوە هیچ زەرەری گیانی نەبووە و تەنیا زەرەری مادی لێكەوتۆتەوە.

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت، كە لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە پێك دێنێت و دواتر ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێت.

No description available.