سەردێر

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی هەولێر دەكات

خەڵك
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەكانی لافاوەكەی ھەولێر دەكات و دەڵێت،جێی نیگەرانی و سورسوڕمانە حكومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلانیان نەبوو بۆ رێگری كردن یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كارەساتەكە.


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیانراوێكدا بڵاویكردەوە، بە ناوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پرسەو سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەكانی لافاوەكەی پارێزگای ھەولێر دەكەین و ھاوخەمی و ھاوسۆزیمان بۆ زیانلێكەوتوان رادەگەیەنین.

ئاماژە بە ئەوەشدەكات، بەداخەوە لافاوەكەی ئەمجارە سەرەڕای زیانی مادی زیانی گیانیشی لێكەوتەوە و ماڵوحاڵی خەڵك زیانی زۆری پێگەیشت.

لە ڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش هاتووە، جێی نیگەرانی و سورسوڕمانە كە حكومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلانیان نەبوو بۆ رێگری كردن یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم كارەساتە، ئەگەرچی پێشوەختە پێشبینی كراو بوو.

ئەنجومەنەكە داوای قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان دەكات و دەڵێت، ھیوادارین پەلە بكرێت لەبەھاناوەچون و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان و بۆ دۆزینەوەی تەرمی خنكاوەكان ، پلانی وردتر دابنرێت تا كارەساتی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی لافاو لە هەولێر 11 كەس گیانیان لەدەستدا، بەپێی زانیارییەكان منداڵێكی تەمەن 11 مانگ بە بێشكەوە ئاو بردوویەتی و تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە كەسێكیش بەهۆی هەورە برووسكە لە هەولێر گیانی لەدەستداوە.

ئەم شەپۆلی بارانەی دەستیپێكردووە بەردەوامی دەبێت، پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ شەپۆلی دیكەی بارانی بە خوڕ ببارێت لە پارێزگای هەولێر، شەپۆلەكە سلێمانیشی گرتووەتەوە.