سەردێر

سەرۆكی هەرێم لە رەوشی زیانمەندبووانی لافاو دەپرسێت

خەڵك

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئەو شوێنانەی سەر بە پارێزگای هەولێر كرد كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بارانێكی زۆرەوە تووشی لافاو هاتن و لە ئەنجامدا بەداخەوە ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی دیكەشیان بریندار بوون، وێڕای كەوتنەوەی زیانێكی زۆری ماڵی.

بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی قوربانییان، جەختی كردەوە كە لایەنە پەیوەندار و دەزگا حكوومییەكان، خێرا و بە پلەی یەكەم كار بۆ ڕزگاركردنی گیانی هاووڵاتییان بكەن و هەرچی پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هاوكارییان بكرێت، نەخۆشخانەكانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ پێشوازیكرن لە قوربانییان و چارەسەركردنیان.

لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر دۆخی شوێنە زیانبەركەوتووەكانی ڕوونكردەوە و باسی لە پرۆسەی فریاكەوتن و ڕزگاركردن و كاری تیمە فریاگوزارییەكان كرد كە هەر لە سەرەتای لافاوەكانەوە دەستبەكار بوون و بەهانای لێقەومانانەوە چوون، دووپاتی كردەوە كە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەكان لەكاردان و بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكان دەكەن و كاری پێویست ئەنجام دەدەن.