سەردێر

عیراق، زیاتر لە 2 هەزار كەس بەهۆی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە گیانيان لەدەستداوە

بە بەرزترین ڕێژە دادەنرێت

خەڵك-
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، تۆماركردنی 8286 ڕووداوی هاتووچۆ لە وڵاتدا ئاشكرا دەكات كە بونەتە مایەی گیان لەدەستدانی 2152 كەس لە ماوەی ساڵی 2021.

بەپێی ئامارەكە، ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە ڕیزبەندی یەكەمی هۆكارەكانی كەوتنەوەی قوربانیانن لە عیراق و پێش قوربانیانی كارە تیرۆریستی و توندوتیژییەكان و ڕووداوكانی ئاگركەوتنەوە كەوتوون كە لەم ماوەیەی دواییدا ڕێژەیەكی بەرزییان تۆماركرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرمانگەی پزیشكی داوەریی، تۆماركردنی 99 حاڵەتی گیان لەدەستدانی لەماوەی تەنیا مانگی ڕابردوودا لە بەغدا ڕاگەیاند، ڕێژەكەش بە بەرزترین دادەنێت بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو.

ڕووداوەكانی هاتووچۆ بە تیرۆری سپی ناودەبرێن، بە بۆچوونی شارەزایانی بوارەكەش، زۆربەی هەرەزۆری ئەو ڕووداوانە بۆ تیژڕەوی و پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ و خراپی ڕێگەوبانەكان دەگەڕێنەوە.