سەردێر

پەروەردە، مامۆستا بەدەل بەروارى و مامۆستایەكی دیكە سزا دەدات

خەڵك-

ئینستتیوتی‌ پەی‌ بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت، كە گیراوانی بادینان دوای ئازادبوونیشیان سزادران و سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان دەكات پەروەردە لەو ستتەمە ئاگادار بكاتەوە.

ئینستتیوتی‌ پەی‌ بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مامۆستا بەدەل بەرواری و مامۆستا جەمال خەلیل لە پیشەكانیان دورخرانەوە، كە ئەمەش ستەمە لە گیراوانی بادینان دەكرێت، كە دادگا ئازادی كردوون.

لای خۆشیەوە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەڕلەمانی كوردستان لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەڕلەمان ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی مامۆستا یان فەرمانبەر بەهۆی ڕاگرتنیەوە ئەم پڕۆسەیەی بەرامبەر دەكرێت (سحب الید) بەڵام پاش بێ‌ تاوان دەرچوونی ئەو ماوەیەی ڕاگرتنەی بۆ هەژمار دەكرێت و وەك ئەوە وایە بەتەواوی دەوامی كردبێت و تەواوی ڕەسیدی مۆڵەتەكانی كە ساڵانە وەریدەگرێت بۆ كەڵەكە دەبێت.

عەبدولستار مەجید داوای لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان كردووە، “وەزارەتی پەروەردە بەزووترین كات ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو مامۆستایانە بچنەوە سەر كاری خۆیان و قەرەبووی بێ‌ تاوانیان بۆ بكرێتەوە”.