سەردێر

عیراق و ئێران ڕوفاتی 61 سەرباز ئاڵوگۆڕ دەكەن

خەڵك-
ئەمڕۆ چوار شەممە، عیراق و ئێران ڕوفاتی 61 سەربازیان ئاڵوگۆڕكرد كە لە جەنگی عیراق- ئێران كوژرابوون.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”فەرمانگەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی مافەكانی مرۆڤ لە وەزارەتی بەرگری، ڕوفاتی چوار شەهیدی عیراقی نەناسراوی وەرگرت كە لەنێو خاكی ئێراندا دۆزرابوونەوە و لە هەمان كاتدا ڕوفاتى 57 سەرباز كە 33 كەسیان ناسرابوونەوە ڕادەستی ئێران كران”.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری عیراقدا هاتووە”دۆزینەوەی ئەو ڕوفاتانە لەڕێی پرۆسەكانی گەڕانی هەردوو وڵاتەوە بووە و ڕوفاتەكانیش لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای میسان و بەسرە دۆزراونەتەوە و لەڕێی مەرزی شەلامچەوە لە پارێزگای بەسرە ئاڵوگۆڕكران”.

وەزارەتی بەرگری عیراق دەڵێت”پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنەكە لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور بووە، ڕوفاتە وەرگیراوەكانیش خراونەتە گەنجینەی هەڵگرتنی ڕوفاتەكان لە بەشی وەرگرتن و ڕادەستكردنی شەهیدەكان لە بەسرە- زوبێر، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی لە بەغدا بە مەبەستی تەواوكردنی پشكنینە پزیشكییەكان”.