سەردێر

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێكی هەڵهاتووی دەستگیر كرد

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر دۆسیەی كوشتن تۆمەتبارێك دەستگیركرا .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەسەر دۆسیەیەكی كوشتن، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا و بەشی پۆلیسی ڕێكاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لە شاری كەركوكەوە فەرمانی گرتنی هەبووە.

ئاشكراشیكرد، دوای ئەوەی دۆسیەیەكی تاوانی كوشتن لە پارێزگای كەركوكەوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە گومانیان دەكرد تۆمەتبارێك بەرەو شاری سلێمانی هەڵهاتبێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەردوو بنكەی پۆلیسی سەراو بەشی پۆلیسی ڕێكاری ڕاسپارد كە لێكۆڵینەوەی خێرا بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و لێكۆڵینەوەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت .
ڕوونیشیكردەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ف، م، س) بەبڕیاری داوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامەو دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی پۆلیسی كەركوك دەكرێتەوە.