سەردێر

پارتی: هێرشەكانی داعش پەیوەندی بە كشانەوەی ئەمەریكاوە هەیە لە عێراق

خەڵك-

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت، هێرشەكانی داعش تەنها پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی هەیە بەو گۆڕانكارییانەی لە داهاتوویەكی كورتدا بەسەر عێراقدا دێت.

پاش هێرشەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە، ڕەخنەی ئەوە گیرا كە دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم چۆن زانیاری پێشوەختەیان نیە لەسەر ئەو هێرشانەی داعش، لەو بارەوە ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەڵەبجە و سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەمە نەك هەر پرسیاری هەندێك خەڵكە، بەڵكو تێبینییەكی بەهێزە، یانی چۆن دەزگای هەواڵگری ئێمە نەیتوانیوە بایی ئەوەندە زانیاری كۆبكاتەوە كە پێش ئەوەی هێرشی داعش ڕووبدات ئەمان بتوانن ڕێگری لێبكەن؟! بەڵام ئەگەر ئێمە سەیر بكەین لە مانگی شەشی ٢٠١٤ زیاتر لە شەست هەزار سەربازی عێراقی یان گیرا، یاخود كوژراو بە دیل گیران، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی كە دەزگایەكی هەواڵگری بەهێزی هەیە.

وتیشی”ئەم هێرشانەی ئێستای داعش بەتەنها پەیوەندی نیە بە هەرێمی كوردستانەوە بەڵكو پەیوەندی هەیە بەو گۆڕانكارییانەی لە داهاتویەكی كورتدا بەسەر عێراقدا دێت، مەبەستیشم لەوە جێهێشتنی ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكانە كە بڕیارە عێراق جێبهێڵن، ئەمە ئینزارێكی ڕوونە كە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئیتر ئەو شوێنە ئەمان نەبێت”.

ئاشكراشیكرد، هۆكاری سەرەكی ئەم هێرشانەی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا هەیە بەهۆی ئەو (موئامەرەیەی) شانزەی ئۆكتۆبەر لە كوردستان كرا ئەو بۆشاییە ئەمنیە دروست بووە و داعش زیرەكانە سودی لێدەبینێت ئێمە چەندجار داوامان لە عێراق كرد بۆ چارەسەری ئەو بۆشاییە ئەمنیە، ئێستا گرنگترین كار ئەوەیە كە وەزارەتی بەرگری بە ئاگاداری سەرۆك وەزیران ژوورێكی ئۆپەراسیۆن پێكبهێنن بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیە.