سەردێر

شەپۆلێكی بەفر و بارانی یەك هەفتەیی تەواوی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان و ڕاپۆرتی مانگە دەستكردەكان لەبواری كەشوهەوا، شەپۆلێكی باران بارینی بەخوڕ ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە.

مونتەزر وائلی، لە دەزگای كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، شەپۆلێكی باران بارین زۆربەی ناوچەكانی وڵات دەگرێتەوە بەتایبەتی شارەكانی هەرێمی كوردستان و باكووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی دیالە و باكووری ڕۆژهەڵاتی واست و ڕۆژهەڵاتی میسان.

ڕاشیگەیاندووە، شەپۆلەكە لە ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستپێدەكات و تاوەكو پێنج شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٦-١٢-٢٠٢١ شەپۆلێكی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەك شەممە ١٩-١٢-٢٠٢١ و ئەم قۆناغە درێژە دەكێشێت.

ڕاشیگەیاند، لەو ماوەیەدا بەپێی دواین گۆڕانكارییەكان بۆ ڕێژە و ھێزی كاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرترین بڕی بارانبارین لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین ١٠٠ بە ١٧٥ ملیمەتر دەبێت و لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ناوچە شاخاوییەكانی ٤٠ بە ١٢٥ ملیمەتر و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەكانی ٥٠ بە ١٢٥ملیمەتر و لە سنووری پارێزگای دھۆك و ناوچە شاخاوییەكانی ٣٠ بە ٦٠ ملیمەتر و لە سنووری پارێزگای كەركوك ٣٠ بە ٦٠ ملیمەتر و لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ٣٠ بە ٧٠ ملیمەتر ئەگەری بارانبارین ئەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، ئەم ڕێژانە بە تێكڕا و سەرنج خستنە سەر تەواوی مۆدێلەكانی پێشبینی كەش و ھەوایە لەماوەی ئەم گۆڕانكارییانەی ھەبووە و ئیشەڵا بە زیادەوە لە تەواوی ناوچەكاندا بارانی باش ئەبارێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەدوای ئەم شەپۆلەوە، شەپۆلی دیكەی زۆر باش لە ئارادا ھەیە لەگەڵ ھاتنی بارستە ھەوای سارد و بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەكاندا، كە بەشێوەیەكی گشتی تا كۆتایەكانی ئەم مانگە لەتەواوی ناوچەكەدا پشتیوان بەخودا بارانی پەڵە ئەبارێت و گۆڕانكارییەكان دڵخۆشكەرن.