سەردێر

دواین بڕیار لەسەر نرخی دۆلار ئاشكراكرا

خەڵك-ئارام سەردار
مامۆستایەكی زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، نرخی دۆلار لەبەرامبەر دینار وەك ئێستا دەمێنێتەوە و تا چەند ساڵێكی تر بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلار بەرز ناكرێتەوە.

نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ژمێریاری و دارایی لەبارەی گەڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی كۆن بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەم دەنگۆیانە بڕوا مەكەن، كە نرخی 100 دۆلار بە رامبەر بە دیناری عێراقی دەبێتەوە 120 هەزار دینار، چونكە ئەم بڕیارەی بانكی ناوەندی تا چەند ساڵێكی تریش بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت: “لەبەر چەند هۆكارێك نرخی دۆلار وەك ئێستا دەمێنێتەوە، بانكی ناوەندی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی و كاریگەری هیچ لایەنێكی لەسەر نیە، حكومەتی عیراقیش پارەیەكی زۆری بانكی ناوەندی قەرزارە، نرخی دۆلاریش بەو شێوەیەش نەبێت ناتوانێ مووچەش دابین بكات، ڕێژەی قەرزەكانیشی زیاتر دەبێت، بۆیە دابەزینی بەهای دیناری عیراق لەسوودی حكومەتە”.

ڕوونیشی دەكاتەوە، ئەگەر بەم سیاسەتە نەبێت عیراق نەیدەتوانی دەست بۆ كەمكردنەوەی مووچە ببات، ئێستا بەم ڕێگەیە بەهای دیناریان دابەزاندوە، لەكاتێكدا داهاتی بەدۆلارە و خەرجیشی بەدینار، بەمە قازانجێكی زۆر دەكات، حكومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوەیە، لایان گرنگ نیە هاووڵاتی زیان دەكات بەڵام گرنگ ئەوەیە مووچە دابین بكات و داهات زیاتر بكات”.

ئەوەشی خستەڕوو، بانكی ناوەندی تاچەند ساڵێكی تریش بڕیاری خۆی ناگۆڕێت، چونكە لەكاتی هەڵبژاردنەكان هەندێ لایەن بانگەشەی ئەوەیان دەكرد نرخی دۆلار لەبەرامبەر دینار دادەبەزێننەوە، بەمەش بانكی ناوەندی نایەوێ متمانەی لەدەست بدات بەوەی بیسەلمێنی لەژێر كاریگەری هیچ لایەنێكی سیاسی نیە، بڕواشی بۆ دروست بووە، كەوا بازاڕ ئێستا جێگیربووە و پێویست ناكات جارێكی تر دەستكاری نرخی دۆلار بكات، بۆیە وەها زوو بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلار بەرز ناكرێتەوە.