سەردێر

فازڵ حاجی: كۆتایی تیژڕۆیی هەمیشە كارەساتە بەڵام هەمان ڕەفتار دووبارە دەكەنەوە

خەڵك-
لەسەر ڕێگای هەولێر – خەبات ئۆتۆمبێلێك بەهۆی تیژڕۆییەوە وەردەگەڕێت و شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت: ” كەس خۆزگە بەشوێن و كۆتایی ئەو شۆفێرە ناخوازێت، بەڵام هەمان ڕەفتاری ئەو دووبارە دەكەنەوە”.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی جۆری (بی ئێم دەبلیو)ی تایبەت لەشەقامی (كۆمەڵگای جدیدە) بەخێراییەكی زۆرەوە بەرەو شەقامی سەرەكی هەولێر- خەبات دەهات و ئەو تیژڕۆییەی وایكرد، كە شۆفێر كۆنتڕۆڵی لەسەر ئۆتۆمبێلەكەی نەمێنێت و لەشەقام دەربچێت و خۆی بكێشێت بەستوونێكی كارەبا و وەرگەڕێت و چەند تەقلەیەك لێبدات.

ڕاشیگەیاند، لەدەرەنجامی ڕووداوەكە شۆفێرەكە گیانی لەدەستدا و زیانێكی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەكە و ستوونی كارەبا كەوت.

فازڵ حاجی دەشڵێت: “تكایە بۆ چەندین جار دەڵێین تكایە، هەمووتان دەزانن كە كۆتایی تیژڕۆیی هەمیشە كارەساتە، كەچی تامی لێوەردەگرن و بەردەوام دبن لەسەری تاكو دەتانگەیەنێتە ئەو كۆتاییە دژوار و جەرگبڕە”.

ڕاشیگەیاند، تكایە تۆزێك بەعەقڵەوە مامەڵە لەگەڵ ڕێگا و ئۆتۆمبێل بكەن و هەموو ساتێكی لێخوڕین بەساتی پێشبڕكێ مەزانن، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلە توانایەكی دیاریكراوی هەیە بۆ مانەوە لەسەر شەقام، كاتێك لەتوانای دەردەچێت بەو حاڵەتان دەبات.

ئاماژەی بەوەشكرد، دڵنیام كەس خۆزگە بەشوێن و كۆتایی ئەو شۆفێرە ناخوازێت، بەڵام هەمان ڕەفتاری ئەو دووبارە دەكەنەوە.

May be an image of outdoors