سەردێر

جارێكی دیكە مووچەی فەرمانبەران دواخرا

خەڵك-
سبەینێ‌ 15ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر مانگی 12دا و بەشێكی فەرمانبەران و خانەنشینان تائێستا مووچەی مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و سبەینێش تەنها یەك وەزارەت مووچە وەردەگرێت و بەوەش دوای چەند مانگێك لە نەمانی لێبڕینی مووچە، جارێكی دیكە پێدانی مووچە لە وادەی خۆیدا دواكەوت.

حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی چەندین جار بەڵێنیان بە فەرمانبەران داوە، كە مانگانە مووچەیان پێ‌ دەدرێت و لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و لە هەفتەیەك بۆ 10 ڕۆژدا تەواوی فەرمانبەران و خانەنشینان مووچە وەردەگرن.

سبەینێ‌ 15ی كانوونی یەكەمە و هێشتا بەشێكی فەرمانبەران و خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی مووچەیان وەرنەگرتووە و بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) سبەینێ‌ تەنها مووچەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دابەش دەكرێت.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 1ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچە لە وادەی خۆیدا بەردەوامە و هیچ كێشەیەك لە پێدانی نییە و حكومەتیش هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ پێدانی مافی فەرمانبەران.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەران لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەدان لەكاتێكدا تەنها چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە بۆ ئەو وادەیەی حكومەت دیاری كردووە بۆ دەستپێكردنی مووچەی مانگانە لە 25ی مانگەوە، كە بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەڵێن دەدەن لە 25ی هەموو مانگێكەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و بە هەفتەیەك تەواوی مووچەی مووچەخۆران دابەش دەكەن.

فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایی لەسەر نەبوونی مووچە دەردەبڕن و هۆشداری دەستپێكردنەوەی “خۆپیشاندان و بایكۆت” دەدەن و ڕایدەگەیەنن، كە “حكومەت پابەندی بەڵێنەكەی بەرامبەر فەرمانبەران نەبووە”.