سەردێر

عیراق، مردن بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە

تووشبوون كەمى كردووە

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 474 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 696 كەسیش چاكبوونەتەوە، 13 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 12 كەسیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 19 هەزار و 275 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 474 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە هەولێر 80 و لە دهۆك 78 و لە سلێمانی 57 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 696 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە هەولێر ودهۆك و سلێمانی بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 13 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 12 حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.