سەردێر

پێنج شەممە لە فەرمانگە و خوێندنگە و زانكۆكان كرایە بۆنەیەكی نیشتمانی

خەڵك-
ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە لە فەرمانگە و زانكۆ و پەیمانگا و خوێندنگەكان بۆ بۆنەی نیشتمانی “ڕۆژی ئاڵا” دیاریكرا و بەهۆی پشووی ڕۆژی هەینییەوە ئەو بۆنەیە پێشخرا و كوردان بە پۆشاكی كوردییەوە پێشوازی لەڕۆژی ئاڵای كوردستان دەكەن.

بەرواری 17ی12ی ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی دەكەوێتە ڕۆژی هەینی و پشووە، بۆیە بۆ ئەمساڵ ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕۆژێك پێشخراوە بۆ ١٦-١٢-٢٠٢١ کە دەکاتە ڕۆژی پێنج شەممە و ڕێوڕەسمەکان لە فەرمانگەکان و خوێندنگەكان و زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی لە گشتاندنێكدا بۆ خوێندنگەكان، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، “بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا، داواكارین لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندندا ئاڵا هەڵبكرێت و مەڕاسیمێكی شایستە ئەنجام بدرێت لە كاتژمێری یەكەمی دەوام لە ڕۆژی پێنج شەممە 16-12-2021، بەهۆی ئەوەی ڕۆژی 17-12-2021 هەینییە و دەوامی فەرمی نییە.

ئاڵای كوردستان، هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لەڕۆژی 22-1-1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی “كۆماری كوردستان” لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە ڕەمزی كۆماری كوردستان، بەڵام دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان لەناوبرا و لەڕۆژی 17-12-1946 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدەستی دوژمنان تاوەكو سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵاكەیان داگرتووە.