سەردێر

بافڵ تاڵەبانی: ناھێڵین یەكێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاربھێنرێت

خەڵك-
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەڵێن دەدەین یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین و پەند لە رێبازەكەی مام وەربگرین بۆ گەشەپێدانی یەكێتی و راستكردنەوەی ھەڵە و كەموكوڕییەكان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر چاویكەوت بە ژمارەیەك لە تێكۆشەران و هاوڕێیانی مام جەلال و ڕایگەیاند، “بەوپەڕی ڕێزەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ھاوڕێیانی سەرۆك مام جەلال دەڕوانین، كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كورددا بەشداربوون و ڕۆڵیان ھەبووە لەسەرخستنی شۆڕی نوێ”.

ڕاشیگەیاند، “ئێوەی تێكۆشەران سەرمایەیەكی گرنگ و بەنرخی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن و ماندووبوون، خەباتتان جێگای ستایشی بەردەواممانە و ڕابردووتان جێگای شانازییە نەك ھەر بۆخۆتان بەڵكو بۆ یەكێتیش، بۆیە ئێمە ئەركمانە خزمەتتان بكەین و وەفاداری خەباتی ئێوە بین”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەئاست قوربانیدانەكانتاندا بەڵێن دەدەین یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین و پەند لە ڕێبازەكەی مام وەربگرین بۆ گەشەپێدانی یەكێتی و ڕاستكردنەوەی ھەڵە و كەموكوڕییەكان، نەھێڵین یەكێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاربھێنرێت.

دووپاتیشی كردەوە، ئێستا یەكێتی، یەكێتی مام، تێكۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، كەسوكاری شەھید، زیندانیانی سیاسی و یەكێتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە و بەڕوئیایەكی نوێوە حزب دەكەینە ئامرازێك بۆ خزمەتكردنی زیاتر خەڵك.