سەردێر

عەلی شەمخامی: ئێران وای لە ئەمریكا كرد ناوچەكە بەجێبهێڵێت

خەڵك-
عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەو گورزە توندەی ئێران لە ئەمریكای وەشاند لە بنكەی عەین ئەسەد، وای لە ئەمریكا كرد ناوچەكە بەجێبهێڵێت.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ئاژانسی (مهر)ی ئێرانی لە زاری شەمخانییەوە بڵاویكردەوە”ئەم ڕەوشە بۆتە مایەی دروستكردنی گۆڕانكاریی ڕیشەیی و خولقاندنی تەنگژە و ناكۆكی نوێ‌ و كێبڕكێی نێودەوڵەتی گەورە لەگەڵ ئەمریكا”.

بە وتەی شەمخانی”كۆكردنەوەی ئەو مەرجانە و گورزە بەهێزەكەی ئێران كە لە عەین ئەسەد لە ئەمریكا وەشێنرا، شەرعیەتی سیاسەتی ئیقلیمی ئێرانی بۆ هەموان سەلماند، و بوونە مایەی زەمینەسازی بۆ كەمكردنەوەی بوونی ئەمریكایی و پاشەكشەكردنی لە ناوچەكە”.

بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان حكومەتی عیراق و ئیدارەی ئەمریكا، وابڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عیراقدا پاشەكشە بكەن.