سەردێر

عیراق، هەرێمی كوردستان زۆرترین ژمارەی تووشبوون و مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 522 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 783 كەسیش چاكبوونەتەوە، 16 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 10 كەسیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 17 هەزار و 58 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 522 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە سلێمانی 93 لە هەولێر 93 و لە دهۆك 83 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 783 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە هەولێر ودهۆك و كەركوك و نەینەوا و سلێمانی بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 16 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 5 حاڵەتیان لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراون.