سەردێر

تاپۆکردنی یەکەکانی پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی کۆمپانیای بەڕێز دەستیپێکردەوە

دانیشتوویەکی لوبنان سیتی: بەدەوروبەری کاتژمێرێک خانووەکەم تاپۆکرد

خەڵک – نزار جەزا

خاوەن یەکەکانی نێو پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز دەستیان بەتاپۆکردنی خانووەکانیان کردەوە، داواش لەو کەسانە دەکەن کە تاکو ئێستا بڕیاری تاپۆکردنیان نەداوە، دەست بەتاپۆکردن بکەن، چونکە تەنها بە یەک ڕۆژ و بەکاتژمێرێک کارەکان تەواو دەبن.

لەگەڵ دەستپێکی دەوامدا ژمارەیەک لەدانیشتووانی پڕۆژەى نیشتەجێبوونی لوبنان سیتی کۆبوونەوە و بەڕێکەوتن بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە، بەمەبەستی تاپۆکردنی خانووەکانیان.

لەشەش مانگی ڕابردوودا هەڵمەتی تاپۆکردنی یەکەکانی نێو پڕۆژەکانی گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز دەستیپێکردووە، بەڵام ماوەیەکی کەم ڕاگیرا، ئەمڕۆش لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا مامەڵەی تاپۆکردنی ٢٠ خانووی پڕۆژەى لوبنان سیتی ئەنجامدراوە و ڕۆژانی داهاتووش مامەڵەکانی دیکە تەواودەکرێن، کە یاسین عارف یەکێکە لەدانیشتووانی ئەو پڕۆژەیە و ئەمڕۆ خانووەکەی تاپۆکردە سەر ناوی خۆی.

ئەو وتی: ئەمڕۆ لەگەڵ زۆرینەى دراوسێکانم چووین خانووەکانمان تاپۆکرد، ئێستاش زۆر ئاسوودەم کە خانووەکەم خستووەتە سەر ناوی خۆم، بۆیە داوا لە خاوەن یەکەکانی دیکەش دەکەم بچن خانووەکانیان تاپۆ بکەن.

پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووەکان لەلایەن كۆمپانیای (میزان عەدالە) بۆ كاری پارێزەرایەتی ئەنجامدەدرێن، کە کارئاسانییەکی زۆریان بۆ خاوەن یەکەکان کردووە، هەروەک ئەو دانیشتووەی لوبنان سیتی دەڵێت: من تەنها بەدەوروبەری کاتژمێرێک خانووەکەم خستە سەر ناوی خۆم.

“دەمێک بوو چاوەڕێبووم، خانووەکەم بخەمە سەر ناوی خۆی، ئەمڕۆ چاوەڕوانییەکانم بەدەوروبەری کاتژمێرێک کۆتایی هات”، ئەختەر محەمەد، کە یەکێکە لەدانیشتووانی لوبنان سیتی وای وت.

ئەختەر محەمەد، باس لەئەوەدەکات خانوو بەناوی خۆیەوە بێت ئاسوودەترە تێیدا و زیاتر هەست بەوەدەکات کە خانووی خۆیەتی، بۆیە داوا لەدراوسێکانیشی دەکات، بەدەم ئەم کارەوە بچن و زوو خانووەکانیان بخەنە سەر ناوی خۆیان.

بۆچی گرنگە خانووەکەت بکەیتە سەر ناوی خۆت؟

1. خانووی نێو یەکە نیشتەجێبوونەکان لەئێستادا بەناوی وەبەرهێنەرەکەوەیە، ئەگەر ئەم کەسە توشی هەر ڕووداوێک ببێت یان کۆچی دوایی بکات، دواتر کێشە بۆ پڕۆسەی تاپۆکردنەکە دروستدەبێت، یان ئەگەر کەسی کۆچکردوو منداڵێکی بچوکی هەبێت، ئەمیش هەر کێشەیەکی دیکەیە.
2. نرخی خانووەکان پاش تاپۆکردن بەڕێژەى لەسەدا ٢٠ تاکو لەسەدا ٣٥ بەرزدەبنەوە.
3. مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئەو خانووانەى تاپۆکراونەتە سەر خاوەنەکانیان خێراتردەبن و جێگەی متمانەى زیاتری کڕیارانن.
4. پاش تاپۆکردن، خاوەن خانوو ئاسوودەیی زیاتر دەبێت، چونکە هەست بەخاوەندارێتی خانووەکەی دەکات.

ئەم خاڵانەی لای سەرەوە بۆچوونی وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و وەبەرهێنەری جێبەجێکاری پرۆژەکانی ئاسوودە (مەلا یاسین)ە سەبارەت بە گرنگی تاپۆ کە تایبەت بۆ خەڵک ئەم لێدوانەیدا.

 

لەئێستادا حکومەتى هەرێم بڕیاریداوە هەموو یەکەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خاوەندارێتییەکەیان بخرێتە سەر خاوەن یەکەکان، بۆیە گروپی کۆمپانیاکانی (بەڕێز) پاڵپشت بەم بڕیارە بانگەوازی لەنێو پڕۆژەکاندا کرد و تیمی تایبەتی بۆ هاوکاری و کارئاسانی پڕۆسەی تاپۆکردنەکە دانا.

 

لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی پڕۆژەکانی (لوبنان سیتی، بڕوا سیتی و گرین سیتی) بەدەم بانگەوازەکەوە چوون و خانووەکانیان تاپۆکردووە، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژانەش دەست بەتاپۆکردنی پڕۆژەکانی دەرەوەی شار دەکەن.

 

لەمبارەیەوە، دەوەن مەحمود، لێپرسراوی تۆماركردنی یەكەكان لەگرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تیمەکانیان هەوڵیانداوە کەمترین بارگرانی بکەوێتە سەر خاوەن یەکەکان، بۆیە زۆرێک لەکارەکان کۆمپانیا دەیکات و ئامادەکاری دەکات، ئەوەی دەمێنێتەوە واژۆی خاوەن یەکەکەیە، کە بەیەک ڕۆژ تەواو دەبێت.

ناوبراو داوای لە خاوەن یەکەکان کرد، بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بچن، چونکە تاپۆکردنی خانوو، دڵنیایی تەواودەداتە خاوەن خانوو کە خاوەنیەتی و چیتر دوودڵ نابێت لەخاوەندارێتی خانووەکەی.

گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز خاوەنی مۆڵەتی ژمارە (١)ە، بۆ دروستكردنی ٢٥ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانییەوە.
پڕۆژەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بۆ یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتوون لەم پڕۆژانە:
پارێزگای هەڵەبجە: گۆران سیتی.
لەسلێمانی: بەڕێز سیتی، لوبنان سیتی، دییە سیتی، بڕوا سیتی، گرین سیتی، دانیا سیتی.
لەچەمچەماڵ: چەرمۆ سیتی.
لەدەربەندیخان: نۆژین سیتی.
لە شارەدێی ڕزگاری لەكەلار: نۆژین سیتی (٢،١).
لە ڕانیە: ڕۆژ سیتی.
لە كۆیە: هاموون سیتی.

بۆ یەكەم جار لە مێژووی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز توانی پاڵپشت بە قەرزی نیشتەجێبوون بە هاوكاری دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باشترین پڕۆژەی لۆكۆست بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و كرێنشین بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و قەیرانە یەك لەدوای یەكانەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڕێز كۆڵی نەدا و تائێستا نزیكەی ١٠ هەزار خانەوادەی كردووەتە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان.

 

گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز شەرەفی دەستپێكی پڕۆژەی ئاسوودەی لە پارێزگای هەڵەبجە مسۆگەر كرد لە ساڵی (٢٠٠٧) قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لە ژێر ناوی (گۆران سیتی) ڕاگەیاند، سەرەتا بۆ زیاتر هاندانی بەشداریكردن و سەركەوتنی پڕۆژەكە بڕیاریدا بە بێ هیچ پێشەكیەك (٥٠٠) یەكەی نیشتەجێبوون بخاتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كە تەنها مانگانە بڕی ( 100.000) سەد هەزار دینار لە بەشداربووان وەربگیرێت، دواتر پڕۆژەی ئاسوودە دەستی بە تەواوكردنی یەكەكانی لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان كرد.

 

ماوەی شەش مانگە دەست بەتاپۆکردنی یەکەکانی نێو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز کراوە، و بەشێوەیەکی بەرچاو دانیشتووانی ئەو یەکانە بەدەم تاپۆکردنی خانووەکانیانەوە دێن.