سەردێر

لە سلێمانی لێپرسینەوە لە پێدانی كامێرای هاتووچۆ بە كۆمپانیا دەكرێت

خەڵك-
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕێكارەكانی بۆ لێپرسینەوە لە پێدانی كامێرای چاودێری هاتووچۆ بە كەرتی تایبەت دەستپێكردووە و ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو كارە لە بەرژەوەندی زیادكردنی داهات بۆ حكومەت نییە.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٠٢١/١٢/١٢ وەك ڕێكارێكی پەیڕەوی یاداشتێكمان بەواژۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەن پێشكەش بەسەرۆكایەتی ئەنجوومەن كرد بەمەبەستی داوای ڕوونكردنەوەی یاسایی و پاساوی حكومەت لەبەرامبەر پێدانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی ئۆتۆمبێل بەكەرتی تایبەت لە هاتووچۆی سلێمانی.

ڕاشیگەیاند، پێمان وایە ئەو كارە جگە لەوەی سەرنجی یاسایی لەسەرە، ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردن نە لەبەرژەوەندی خەڵكە و نە لەقازانجی زیادكردنی داهاتیشە بۆ حكومەت .

وەك لە یاداشتەكەدا هاتووە، “ئێمە ئەو ئەندامانەی واژۆمان كردووە پێمان وایە ئەو كارە لەڕووی یاساییەوە جێگەی پرسیارە كارەكەش لە بەرژەوەندی گشتی زیادكردنی داهاتی حكومەتی هەرێم نییە”.