سەردێر

پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناوچەكێشەلەسەرەكان

خەڵك

بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سووپای عێراق لە شارۆچكەی مەخموور كۆببنەوە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئامانج لە ئەم كۆبوونەوەی فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سووپای عێراق لە شارۆچكەی مەخموور، تاووتوێكردنی دواین هەنگاوەكانی هاوكاریی و هاوبەشی نێوان هەردوولایە بۆ بە دەستەوەگرتنی ئاسایشی سنوورەكە و رێگری لە جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش.

دوای زنجیرە هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەردانی هەولێر و ناوچە كێشەلەسەرەكانی كرد، لەوێ بڕیاری دەستپێكردنی هاوكاری نێوان پێشمەرگە و سووپای عێراق درا.

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سووپای عێراق ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێكیان لە دژی داعش دەستپێكردووە و هەفتەی رابردووش ئۆپەراسیۆنێكی دیكەیان بەڕێوەبردووە.

لە زنجیرە هێرشەكانی رابردووی تیرۆرستانی داعشدا چەندین هاووڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە و سەرباز شەهیدبوون.

لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان لە پارێزگەی هەڵەبجە گرووپێك بە تۆمەتی لایەنگری داعش لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی و شارەزوورەوە دەستگیركران.