سەردێر

هەسەدە؛ بەدەیان چەكداری داعشیان ڕادەستی حكومەتی عیراق كردەوە

خەڵك –
هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، بەدەیان چەكداری داعشی عێراقیان لەزیندانەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕادەستی حكومەتی عێراق كردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە لە لایەن هێزەكانیانەوە 100 چەكداری داعشی عێراقیان لە زیندانەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕادەستی حكومەتی عێراقی فیدراڵ كردەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە بڕیارەكەش بەپێی ئەو پلانە بووە، كە پێشتر لە نێوان هێزەكانیان وحكومەتی عێراقدا ئامادەكرابوو و گواستنەوەكەش لە ڕێگەی سنوورە فەرمییەكانی نێوان سوریا و عێراقەوە ئەنجامدراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشكراشیكردووە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێزەكانیان چەندین چەكداری داعشی عێراقییان ڕادەستی حكومەتی ئەو وڵاتە كردووە، بەڵام سەدانیان هێشتا لە زیندانەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان.