سەردێر

ئەلبومی زەینەب خان ـ كچە كورد بڵاوكرایەوە

 

سلێمانی ـ نزار جەزا
هیوا فاوندەیشن و عەدنان كەریم نوێترین ئەلبوومی گۆرانی خۆیان بەناونیشانی زەینەب خان ـ كچە كورد بڵاوكردەوە.

ئەلبوومی زەینەب خان ـ كچە كورد لە نۆ گۆرانی نوێ پێكهاتووە، كە شعرەكانیان لەلایەن زەینەب خان خوشكی شاعیر (دڵدار) نوسراون.

ئەم بەرهەمە ئەنجامی كاركردنی دوو ساڵە، كە ئامانج لێی زیندووهێشتنەوە و بەرزڕاگرتنی دەنگ و ڕۆڵی ژنە شاعیر زەینەب خانە، كە ساڵانێكە لەنێو هونەر و ئەدەبیاتی كوردیدا فەرامۆشكراوە.

هونەرمەند عەدنان كەریم بە دوو گۆرانی بەشداری كردووە و ئاوازیشی بۆ حەوت گۆرانی داناوە. هاوكات چیا محەمەد، ئاوازی بۆ دوو گۆرانی داناوە.

لە ئەم ئەلبوومەی هیوا فاوندەیشندا عەدنان كەریم بەڕێوەبەری هونەری بووە، زانا عەزیز بەڕێوەبەری بەرهەم بووە، هەروەها شیرین سائیب سەرپەرشتیاری گشتیی پڕۆژەكەبووە.

دەزگای میدیایی كوردسات كاری بۆ دروستكردنی حەوت كلیپ بۆ ئەم بەرهەمە كردووە و بەمنزیكانە بڵاودەبێتەوە.

زەینەب خان لەساڵی 1900 لەشای كۆیە لەدایكبووە، زمانەكانی كوردی، عەرەبی، فارسی و توركی زانیوە، بەرهەمی شعر و پەخشانی لەگۆڤاری گەلاوێژدا لەژێر ناوی خوازراوی كچە كورددا بڵاوكردووەتەوە.