سەردێر

بەرپرسێكی یەكێتی؛ داعش خۆی بۆ دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق ئامادە دەكات

خەڵك –
بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داعش خۆی بۆ دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و قوڵبوونەوەی ناكۆكی نێوان لایەنە عێراقییەكان ئامادە دەكات، دەشڵێت،”چەكدارانی داعش ئەو ناوچانەیان چۆڵكردووە، كە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام دەدرێت”.
مەلا كەریم شكور، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەكێتی و كاندیدی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، داعش ئەو ناوچانەیان چۆڵكردووە، كە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام دەدرێت ، چونكە ڕێگەی دەرچوون لەو ناوچانە چی بەماتۆڕسكیل و چی بە پیادە زۆرە.
دەشڵێت،” هۆكاری چڕكردنەوەی هێرشەكانی داعشی بۆ خۆ ئامادەكردنی ئەو ڕێكخراوە گێڕایەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی داهاتووی عێراق، پێكنەهێنانی حكومەت و گرفتی نێوان لایەنەكان ، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەمانە وایانكردووە داعش خۆی كۆبكاتەوە و چاوەڕوانی دروستبوونی بۆشایی بكات تا بیقۆزێتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ناوچەی غەڕە و پەڵكانەی نزیك خورماتوو، كە بەیەكێك لەمۆڵگە سەرەكیەكانی داعش دادەنرێت لەعێراق ، هەروەها ڕێگای بردنی خۆراك بۆ داعش زۆرە، خەڵك خۆراكیان بۆ دەبات ، شوان و خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بە سەیارەی پیكاب شتیان بۆ دەبەن.