سەردێر

كێشە بۆ دابەشكردنی نەوتی هاووڵاتیان دروست دەبێت

خەڵك-
ماوەی نزیكەی دوو مانگە دابەشكردنی نەوتی سپی بە بڕیاری حكومەتی هەرێم دەستی پێكردووە، بەڵام زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت و بەرپرسێكی سووتەمەنی لە سلێمانی دەڵێت: “نەوت زۆر بە كەمی دێت و هەفتەی وایە بەشی یەك كاروان كۆنابێتەوە”.

حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها وەزیری سامانە سروشتییەكانیش چەند جارێك بەڵێنی ئەوەیان داوە، كە پێش وەرزی سەرما هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوتی پێ‌ بدەن، بەڵام وەرزی پاییز تەنها 10 ڕۆژی ماوە هێشتا بەشێكی هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان نەوتیان پێ‌ دراوە و هاووڵاتیانی ناوشاریش لە چاوەڕوانی بەڵێنەكەی حكومەتدان.

حاجی دلێر، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ، كە 10ی كانوونی یەكەمە هێشتا بەشی كاروانێك نەوت كۆنەكراوەتەوە تاوەكو دابەشی سەر هاووڵاتیان بكرێت.

ڕاشیگەیاند، هەفتەی پێشوو هیچ بڕە نەوتێك نەهاتووە و ڕۆژی وایە تانكەرێك بۆ دووان دێت و تەنها دوێنێ‌ 4 تانكەر هاتووە، كە كۆدەكرێتەوە و هەركات بەشی كاروانێكی كرد باردەكرێت و دابەشی سەر هاووڵاتیان دەكرێت.

ئاشكراشی كرد، كە لە ناو شاری سلێمانی هێشتا دابەشكردن لە مەڵبەندی (6)دایە و تەنها لەمساڵدا مەڵبەندی (5) نەوتی وەرگرتووە لە كۆی 10 مەڵبەند.