سەردێر

“قەیرانی غاز لە سلێمانی نییە”

خەڵك-
سەرەڕای دەنگۆی بوونی قەیرانی غاز لە سلێمانی، بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختدەكاتەوە، كە بڕی غاز زۆرە و هیچ كێشەیەك نییە.

سەرچاوەیەك لە سامانە سروشتییەكان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نە كێشەی غاز هەیە و نە قەیرانی غاز، چونكە بۆ بەدواداچوونی ئەو دەنگۆیە لە هەفتەی ڕابردوودا سێ‌ لیژنە لە سێ‌ ناوچەی سلێمانی بەدواداچوونیان كردووە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غاز گەڕاون و تەنها نیوەی غازەكە فرۆشراوە و نیوەكەی دیكەی زیاد بووە لە پێویستی هاووڵاتیان.

وتیشی، “هیچ كێشەیەكی غاز لە سلێمانی بوونی نییە، چونكە كەشوهەوا باشە و سەرما نییە و بەشی پێداویستی هاووڵاتیان دەكات”.

ئەو سەرچاوەیە جەختیشی كردەوە، دروستكردنی قەیران بۆ هاووڵاتیان و بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لەلایەن كەسانێكەوەیە، كە بەرژەوەندیان لەگەڵ دروست كردنی قەیراندایە، ئەگینا هیچ كێشەیەك لە دابینكردنی غازدا نییە.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) بە كۆی گشتی ناوەوە و دەرەوەی شاری سلێمانی 12 پشكی غازی بۆ دابین كراوە، كە دەكاتە 240 تەن، كە بۆ ناوشار 120 تەن و بۆ دەرەوەی شار 120 تەن دیاری كراوە.