سەردێر

كاتی گەیشتنی 200 ملیارەكەی مووچە دیاریكرا

خەڵك-
وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران و خانەنشینان چاوەڕێی هاتنی پارەكەی عێراقە و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت: “نووسراوەكە گەیشتۆتە دەستمان و سبەینێ‌ پارەكە دەگاتە هەرێم”

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نووسراوی خەرج كردنی 200 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەرچووە و وەزارەتی داراییش ڕەزامەندی دەربڕیوە و وێنەیەكیشی گەیشتووە بە ئێمە.

ڕاشیگەیاند، بڕیارەكە جێبەجێ‌ دەكرێت و سبەینێ‌ یەك شەممە پارەكە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، سبەینێ‌ یەك شەممە پارەكە لەلایەن لقی هەولێری بانكی ناوەندییەوە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

ماوەی دوو هەفتەیە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆران لە هەرێم دەستی پێكردووە و لە ئێستادا پڕۆسەكە زۆر بەخاوی بەڕێوە دەچێت و زۆربەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە چاوەڕوانی پێدانی مووچەدان، لەكاتێكدا هەرێم ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەمریكا مووچەی لیواكانی پێشمەرگە دەدات و داهاتی ناوخۆش زیادی كردووە.