سەردێر

بۆچی ئەمریكا مۆڵگەكانی داعش بۆدرومان ناكات؟

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گومان هەیە ئەمریكا پارێزگاری لە چەكدارانی داعش بكات.

بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە و لەبەرانبەردا چەكدارانی داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن و ناوەناوە هێرشەكانیان بۆسەر هاووڵاتیان و هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجام دەدەن و دەیان كەس بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی، ئەمەش لەكاتێكدایە، بەشێكی زۆر لە مۆڵگەكانی داعش دەبینرێن، بەڵام ڕێگا نادرێت هێرشیان بكرێتەسەر، بەشێك لە چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەمریكا لە ناوچە دوورەكانیشەوە دەتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت هۆكاری هێرشنەكردنەسەر ئەو مۆڵگانە دەبێت چی بێت، ئەمەش پرسیارێكە و دەبێت ئەمریكا بیداتەوە؟.

سەبارەت بە بوونی پاڵپشتی یاخود دروستكردنی سیناریۆكان لەلایەن ئەمریكاوە بۆ هێرشكردنەسەر پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوە یەكێكە لە گومانە سەرەكییەكان، چونكە بە نوێژی نیوەڕۆ داعش بچێتە گوندێك بیسووتێنێت بابەتێكی سەیرە، چونكە پێشتر هەر جموجوڵێكی داعش هەبووایە فڕۆكەی هاوپەیمانان چاودێری دەكرد، ئێستا بە دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “مۆڵگە و حەشارەگەی چەكدارانی داعش ڕوون و ئاشكران، واتای چییە ئەو مۆڵگانەیان تێكنادرێت؟”.

وتیشی، “ئەم بابەتە دەبێت تەوەری جدی بێت لە گفتوگۆكانی ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان كە جارێكیتر با كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێت كە گەشەكردن و گەورەبوونی داعش مەترسییە لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهانیش”.