سەردێر

خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە

خەڵك-
خۆپیشاندان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی عێراق لە بەغدا دەستی پێكردەوە و خۆپیشاندەران هەوڵی شكاندنی بەربەستی ناوچەی سەوز دەدەن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، جارێكی دیكە بەشێكی لایەنە شیعەكان خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق دەستپێكردەوە و لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریرەوە هەوڵی شكاندنی بەربەستی ناوچەی سەوز دەدەن و هێزە ئەمنییەكانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لیژنەی ڕێكخەری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەرجەعیەتی باڵای شیعە ڕەتی كردۆتەوە جنین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ببینێت لە سەردانی ئەم دواییەی بۆ نەجەف و دژی دووبارە دانانەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی وڵاتە و هیچ دەستبەرداری ئەو داواكارییەش نابن.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی مەرجەعیەت مێژووییە دژی هەڵوێستی خراپی براسخارت بۆ ساختەكاری، بۆیە داواش لە سەرجەم سیاسی و كوتلە و سەركردە و ڕێكخراوەكان دەكەین ڕەتی بكەنەوە لەگەڵ بلاسخارت كۆببنەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو دەستدرێژیە تیرۆرستیانەی بەم دواییە زیادیان كردووە دەرخەری بوونی دەستی پیسە بۆ تێكەڵ كردنی كارتەكان تاوەكو پەنجەی تۆمەت بۆ چەند لایەنێكی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان درێژ بكرێت و بەدووریشی نازانین، كە ئەو لایەنە سیاسیانەشی لەپشت بێت، كە سوودمەندبوون لە ساختەكاری.